به‌رهه‌م ساڵح له‌باره‌ى كاندیدبوونی بۆ سه‌رۆك كۆمار رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 02/09/2018‌ :: 7383‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
دواى كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی پارتی و به‌رهه‌م ساڵح، ناوبراو رایگه‌یاند ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌ كه‌ ده‌وترێت كاندیدم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق و كاندیدی هیچ لایه‌نێك نیم بۆ ئه‌و پۆسته‌.


له‌باره‌ى خۆكاندیدكردنى بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی، دواى كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند"ئه‌وه‌ى میدیا باسی ده‌كات ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌و كاندیدی هیچ لایه‌نێك نیم بۆ ئه‌و پۆسته‌".

وتیشی "پیداگری كرایه‌وه‌ له‌سەر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و تێبینیمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك رێكار و تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه‌، هەرچەندە ئێمە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین".

به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد پێویستمان به‌ دایالۆگێكی نیشتمانى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری هه‌موو لایه‌نه‌كانى ئه‌م وڵاته‌و پێویسته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان  سوود له‌ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرین.

هاوكات نیچیرڤان بارزانى جێگری سه‌رۆكی پارتی وتی "باسی هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان و پێكهێنانى حكومه‌تى نوێی عێراقمان كرد و پێویستمان به‌وه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خه‌ڵكی كوردستان كار بكه‌ین".

بارزانی رونیشیكرده‌وه‌ ئاماده‌كارییه‌ هونه‌رییه‌كانی پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ره‌وپێش چووه‌و رێزیش له‌ بۆچوونى جیاواز و كاك به‌رهه‌م و هاوپه‌یمانیش ده‌گرین کە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.

وتیشی "حه‌ز ده‌كه‌ین له‌گەڵ گۆڕاندا كۆببینه‌وه‌و له‌ یه‌ك دوو رۆژی داهاتوو ده‌چینه‌ سلێمانى و ئه‌وانیش ده‌بینین".

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ پارتى و یه‌كیتى پێكه‌وه‌ بڕیاری هه‌ڵبژاردنیان داوه‌و ئه‌وه‌ بڕیاری تاكه‌ لایه‌نێك نییه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure