پارتی و كۆمه‌ڵ رای خۆیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 02/09/2018‌ :: 872‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
به‌یانی ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی مه‌كته‌بی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرد و پێكه‌وه‌ چه‌ند پرسێكیان تاوتوێكرد.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند "ئێمه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ قازانجی مافه‌كانی هاووڵاتیانی كوردستان بێت پشتگیری ده‌كه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی 30 ئه‌یلول، وتی "پێمانوایه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتی خۆیدا بكرێت و په‌رله‌مان و حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا چه‌ندین لایه‌ن كشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پاك و بێگه‌رد بێت و خه‌ڵك دڵخۆش بێ به‌ ئه‌نجامه‌كانی، نه‌ك وه‌كوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ نیگه‌رانیی و بێزاریی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ پەیوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو حزبه‌، مه‌جید وتی "پێمانوایه‌ كه‌ ده‌بێت به‌رده‌وامبین و پێكه‌وه‌ رێكبكه‌وینه‌وه‌، به‌ڵام پێشتر هه‌ندێك كێشه‌ روویداوه‌و پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بكرێت، به‌تایبه‌ت پارتی چه‌ند كێشه‌یه‌كی رووبه‌ڕووی ئێمه‌ كردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی باسی ئه‌وه‌مان كرد یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی ئێمه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌یه‌ كه‌ ئاراسته‌ى ئه‌ندامانمان كراوه‌و بوونه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ دانه‌نیشین له‌ گه‌ڵ پارتیدا".

وتیشی "ئێستاش تۆمارى ده‌نگده‌ران كێشه‌ی تێدایه‌و كێشه‌شمان له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی تایبه‌ت و كۆتاكان هه‌یه‌و داوامان له‌ كۆمسیۆن كردووه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات".

هاوكات مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی "سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ باسكردنی سێ ته‌وه‌ر بوو، یه‌كه‌م په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانمان، دووه‌م هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلۆلی په‌رله‌مانی كوردستان، سێیه‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق".

وتیشی "باسمان له‌وه‌كرد چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانمان رێكبخه‌ینه‌وه‌و هۆكار چییه‌ كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت "ئێمه‌ پێمانباشه‌ جارێكی تر ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژنه‌كرێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت".

وتیشی "سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، ئێمه‌و یه‌كێتی پرۆژه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌و پێشتریش بانگهێشتی هه‌موو لایه‌نه‌كانمان كرد به‌ته‌نها نه‌بین و حزبه‌كانی تریشمان له‌گه‌ڵدا بێت و ببینه‌ یه‌ك كوتله‌، ئنجا بچینه‌ به‌غدا و ناو ماڵی كوردی یه‌كڕیز بێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد پێشتر چوار لایه‌نه‌كه‌ بڕیاریاندابوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی كۆنه‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌مانتوانی زووتر سه‌ردانی لایه‌نه‌كان بكه‌ین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure