ئێران لەبارەی ناردنی موشه‌كی بالیستی بۆ عێراق رونکردنەوە دەدات

هەواڵ / جیهان :: 02/09/2018‌ :: 1293‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ڕایده‌گه‌نێت پروپاگه‌نده‌ بڵاوكراوه‌تەوە له‌ میدیاكاندا، به‌ تایبه‌ت میدیا ڕۆژئاواییەکان سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی موشه‌كى بالیستی له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ عێراق، ئه‌و هه‌واڵانه‌ش بێ بنه‌ما، درۆ و دورن له‌ ڕاستییه‌وە و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌.


ئاژانسی (ته‌سنیم)ی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران ئێران، له‌ ڕاپۆرتێكدا له‌ زاری به‌هرام قاسمی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌و هه‌واڵ و باسه‌ی له‌ چه‌ندین میدیای ناوخۆیی و ده‌ره‌كی باس له‌گواستنه‌وه‌ی موشه‌كه‌ بالیستییه‌كانی ئێران بۆ عێراق دەکەن، له‌ بنه‌رتدا بوونی نییه‌ و ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ترس و دڵه‌راوكێیە له‌ ناو وڵاتانی دراوسێ و دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران و به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی.

ئه‌و وتانه‌ی به‌هرام قاسمی، كاردانه‌وه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیته‌رز كه‌ رۆژی هه‌ینی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە "ئێران موشه‌كی گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ عێراق و سه‌رقاڵی زیادكردن و به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كانیه‌تی، وه‌كو پلانێكی جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌ سه‌ری".  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure