سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/09/2018‌ :: 189‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌ردوو وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌غدا، ئێواره‌ی ئه‌مڕ‌ۆ شه‌ممه‌ ٢٠١٨/٩/١ له‌گه‌ڵ فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار كۆبوونه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ كۆپییه‌كى بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌، نوسینگه‌ى فۆاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمارى عێراق رایگه‌یاندوه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕ‌ۆ سه‌رۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مه‌عسوم له‌ به‌غدا پێشوازی كرد له‌ هه‌ردوو وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "سه‌رۆك مه‌عسوم گرنگیی یەكخستنی هەوڵەکانی هەموانی دوپاتکردەوە لە پێناوی لێکتێگەیشتن کە فاکتەری یەکڕیزییە بۆ خۆشکردنی زەمینەی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق كه‌ خواسته‌كانی گه‌ل جێبه‌جێ بکات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە". 

بڕیاریشه‌ سبەینێ یەکشەممە هەردوو وەفد بە بەرنامەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ هێزە سیاسییە عێراقییەکانی تردا دەستبکات بە راوێژ و گفتوگۆ سەبارەت بەجێبەجێبوونی داوا و خواستە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا.

به‌یاننامه‌كه‌ى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕ‌یی مه‌كته‌بی ساسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدی هه‌ردوو حزبیان ده‌كرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure