"ئەگەر پێش مانگى 11 ئێران رێگاچارەیەک نه‌دۆزێته‌وه‌ ئه‌وه‌ى تمه‌نى كڕیوه‌ زیان ده‌كات"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 03/09/2018‌ :: 2544‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
شۆڕش قادر، پسپۆڕى ئابورى و مامۆستای زانكۆ له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر تا مانگى 11 ئێران رێگه‌ چاره‌یه‌ك نه‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و بازرگانانه‌ى تمه‌نیان كڕیوه‌ زه‌ره‌رى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌ودوا هه‌رێم و عێراق به‌دواى به‌دیلى ئێران-دا بگه‌ڕێن". 


دواڕۆژ: به‌هۆى سزاكانه‌وه‌ به‌هاى تمه‌ن به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زیوه‌، به‌و ئاستى به‌رهه‌مهێنان و ئابورییه‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌ى ئێران، بۆچى دراوى ئه‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا به‌رگه‌ى نه‌گرت؟
شۆڕش قادر: جه‌نگى ئابورى به‌رپاكراوه‌ و ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تى ده‌كات، به‌دوو قۆناغ گه‌مارۆى ئابوریى خستووه‌ته‌ سه‌ر ئێران. یه‌كه‌م، ماوه‌یه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، بریتییه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنى ئاڵوگۆڕى دراو له‌گه‌ڵ ئێران، قه‌ده‌غه‌ى فرۆشتنى كه‌ره‌سه‌ خاوه‌كان به‌و وڵاته‌، دانانى كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر دوو سێكته‌رى زۆر گرنگى وه‌ك دروستكردنى ئۆتۆمبێل و فه‌رش، هه‌روه‌ها نابێت زانیاریى ته‌كنه‌لۆجیا به‌تایبه‌ت له‌ رووى سه‌ربازى و مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ بكرێت. هاوكات هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ كۆمپانیاكان به‌وه‌ى ده‌بێت ئه‌و وڵاته‌ به‌جێبهێڵن ئه‌گه‌رنا ئه‌مریكا سزایان ده‌دات. جگه‌له‌وه‌ سه‌پاندنى گه‌مارۆیه‌كى گشتگیر به‌سه‌ر كه‌رتى وزه‌دا به‌تایبه‌ت نه‌وت. ئه‌و ئابورییه‌ به‌هێزه‌ى ئه‌مریكا هه‌یه‌تى وایكردووه‌ زۆربه‌ى وڵاتان پێوه‌ى پابه‌ند بن، ئه‌مه‌ى ده‌كرێت بڕیارێكى په‌له‌ نییه‌ و ماوه‌یه‌كى زۆره‌ كارى بۆ ده‌كرێت به‌و به‌ڵگه‌یه‌ى كاتێك بڕیاره‌كان سه‌پێنران كاریگه‌ریى ته‌واوى له‌سه‌ر ئێران و دراوه‌كه‌ى هه‌بووه‌. قۆناغى دووه‌مى سزاكان له‌ مانگى 11ى ئه‌مساڵ ده‌ست پێده‌كات، به‌و پێیه‌ نابێت به‌هیچ جۆرێك ئێران دۆلار له‌ ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كانى به‌كاربهێنێت، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ئێستادا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیاى گه‌وره‌ ئه‌و وڵاته‌یان جێهێشتووه‌، بۆیه‌ بڕێكى زۆر سه‌رمایه‌ى بیانى به‌تایبه‌ت دۆلار و یورۆ له‌ناو ئێراندا براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، تمه‌ن رووبه‌ڕووى دارووخان بووه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: ئابورى ئێران له‌ چ دۆخێكدایه‌، دۆخى وه‌ستاوى یان بێ بازاڕى؟

شۆڕش قادر: ئه‌وله‌ویه‌تى یه‌كه‌مى ئێران جێگیركردنى نرخى تمه‌نه‌ به‌رامبه‌ر دۆلار، بۆیه‌ چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركردووه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بووه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام به‌هاى دراوه‌كه‌ى داده‌به‌زێت. ئێران بڕیاریدا زیاتر له‌ 1300 جۆر كاڵا، كه‌ پێشتر ده‌چوونه‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌، قه‌ده‌غه‌ بكات، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ رێژه‌یه‌كى زۆر دۆلار ده‌چێته‌ده‌ره‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى پشتى پیشه‌سازیى ناوخۆ بگرێت و به‌رهه‌مى ناوخۆ بپارێزێت ده‌یه‌وێت ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌س نییه‌، چونكه‌ به‌ده‌ستپێكردنى قۆناغى دووه‌مى گه‌مارۆكان ده‌بێت خۆى بۆ ئاماده‌ بكات.

دواڕۆژ: به‌راورد به‌ لیره‌، له‌به‌رچى كاریگه‌رییه‌كانى زیاتر له‌سه‌ر تمه‌ن ده‌ركه‌وتووه‌، واته‌ به‌هاكه‌ى چه‌ند هێنده‌ى لیره‌ دابه‌زیوه‌، له‌كاتێكدا سزایش خراوه‌ته‌ سه‌ر لیره‌ى توركى؟
شۆڕش قادر: ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو ئابوریى جیاوازى هه‌ردوو وڵات، ئه‌گه‌ر به‌راوردى دابه‌زینى به‌هاكانیان بكه‌ین بێگومان لیره‌ كه‌متر دابه‌زیوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى توركیا ئابورییه‌كى به‌هێزتر و جێگیرترى هه‌یه‌، ده‌رگاى ئابورى و بازرگانى فراوانتره‌ و رووى له‌ ئه‌وروپایه‌.

دواڕۆژ: به‌رپرسانى ئێران باس له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى هه‌نارده‌ بۆ 10 ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئایا ده‌بێته‌ هۆى جێگیربوونى به‌هاى تمه‌ن؟

شۆڕش قادر: تاچه‌ند گه‌مارۆكان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌عێراقه‌وه‌، به‌و پێیه‌ى دراوسێى ئێرانه‌ و ئاڵوگۆڕێكى بازرگانى فراوانیان له‌نێواندا هه‌یه‌. عێراق ده‌توانێت به‌باش یان خراپ كاریگه‌ریى هه‌بێت، كاریگه‌رییه‌كه‌شى له‌سه‌ر ئێران به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ حكومه‌ت رایگه‌یاندووه‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌ سزاكانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت هیچ ئاڵوگۆڕێك به‌ دۆلار ناكه‌ن.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ په‌یوه‌ستبوونى عێراق به‌ سزاخستنه‌ سه‌ر ئێران، ئابورى و تمه‌نى ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌ له‌ناوچوون ده‌بات؟
شۆڕش قادر: بێگومان رووبه‌ڕووى له‌ناوچوونى ده‌كاته‌وه‌، هۆكارى سه‌ره‌كیى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن پابه‌ندبوونى عێراق بوو به‌ سزاكانى ئه‌مریكاوه‌، به‌ڵام ئایا پابه‌ندبوونى عێراق تاچه‌ند به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌ئێستا عێراق ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیى بازرگانى له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێكى ترى دراوسێ و ئه‌وروپى په‌ره‌پێبدات، به‌تایبه‌ت له‌ رووى وزه‌ و كاڵا بازرگانییه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌دیلى ئێرانه‌.

دواڕۆژ: به‌رزكردنى رێژه‌ى فائیده‌ هۆكارێكه‌ بۆ دانانى پاره‌ى زیاتر له‌ بانكه‌كان؟ ئایا هۆكارێك نییه‌ بۆئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى ئێرانى بێنه‌ هه‌رێم و عێراق؟ 
شۆڕش قادر: به‌رزكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى فائیده‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو زۆرترین پاره‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ببرێته‌ بانكه‌كان. بانكى ناوه‌ندى كار بۆ قازانج ناكات، ده‌یه‌وێت جێگیریى له‌ ئابورى و تمه‌ن دروستبكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ریش بكات، به‌ڵام سه‌رمایه‌دارانى ئه‌و وڵاته‌ به‌دواى ده‌رچه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن تا ئێران به‌جێبهێڵن و بێنه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان. 

دواڕۆژ: قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ داڕووخانى ئابوریى ئێران پێش هه‌ر شوێنێك ره‌نگدانه‌وه‌ى خراپى ده‌بێت له‌سه‌ر بازاڕه‌كانى هه‌رێم، ره‌نگه‌ رووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى ترمان بكاته‌وه‌، هه‌رێم پێویسته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ بكات؟
شۆڕش قادر: له‌ زۆربه‌ى كاڵاكاندا، به‌تایبه‌ت خۆراك، پشتمان به‌ ئێران به‌ستووه‌، هه‌ر شتێكى خراپ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا بێت كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر دراوسێكانى به‌تایبه‌ت ئێمه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌رێم و عێراق ده‌كرێت به‌دواى به‌دیلێكى تردا بگه‌ڕێن، ده‌توانن توركیا وه‌ك به‌دیلى ئێران به‌كاربهێنن ئه‌گه‌ر سزاكان توندتر بێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌.

دواڕۆژ: به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن ئایا له‌مه‌ودوا بازاڕى ره‌ش له‌ناوخۆى هه‌رێم و عێراق دروست نابێت بۆ بردنى دۆلار به‌ رێگه‌ى نایاسایى؟

شۆڕش قادر: بێگومان دروست ده‌بێت، بازرگانه‌كان به‌دواى قازانجێكى مادیدا ده‌گه‌ڕێن له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، بۆیه‌ ئاساییه‌ بازاڕى ره‌ش گه‌شه‌ بكات و حكومه‌تى ئێران بیه‌وێت چه‌ندین ده‌روازه‌ بكاته‌وه‌ تا دراوى بیانى، به‌تایبه‌ت دۆلارى، ده‌ست بكه‌وێت، ئه‌و بازاڕه‌ له‌ حاڵه‌تى  ناجێگیریى سیاسى و ئابورى دروست ده‌بێت و گه‌شه‌ ده‌كات.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌توانێت كۆنتڕۆڵى بازاڕى ره‌ش بكات یان رێگه‌ نایاساییه‌كان نه‌هێڵێت، ئایا بانكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌توانێت سزاى بدات؟ كاریگه‌ریى بازاڕى ره‌ش چییه‌؟
شۆڕش قادر: رێگه‌ى نایاسایى ناتوانرێت به‌رپرسانى له‌سه‌ر تۆمه‌تبار بكرێت، به‌ رێگه‌ى فه‌رمیش ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ كاره‌كه‌ ده‌بێت به‌ نایاسایى، كاریگه‌ریى خراپى بازاڕى ره‌ش، ده‌بێته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار به‌رامبه‌ر دینار، چونكه‌ بانكى ناوه‌ندى رۆژانه‌ دۆلار ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام جێگه‌ ناگرێت. خسته‌بازاڕى دۆلار بۆ جێگیربوونى دیناره‌ به‌رامبه‌ر دۆلار له‌ناوخۆدا، به‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى دۆلار بڕه‌كه‌ى له‌ناوخۆدا كه‌مده‌بێت، خواست له‌سه‌رى زیاد ده‌بێت و نرخه‌كه‌ى به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

دواڕۆژ: ده‌وترێت ژماره‌یه‌ك بازرگان له‌ئێستادا سه‌رقاڵى كڕینى رێژه‌یه‌كى زۆر تمه‌نى ئێرانین، تاچه‌ند دروسته‌ له‌م قۆناغه‌دا؟ پێشبینیه‌كانت بۆ به‌هاى تمه‌ن چۆنه‌؟
شۆڕش قادر: ئه‌گه‌ر به‌م حاڵه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت و رێگه‌چاره‌ نه‌دۆزێته‌وه‌، قۆناغى دووه‌مى سزاكان ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن به‌ رێژه‌یه‌كى زۆرتر، ئه‌گه‌ر ده‌رچه‌یه‌ك نه‌دۆزێته‌وه‌ پێش مانگى 11 ئه‌وه‌ى تمه‌نى كڕیوه‌ زه‌ره‌ر ده‌كات.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر ئێران په‌نا بۆ چاپكردنى دراوه‌كه‌ى به‌رێت له‌حاڵه‌تى قۆناغى دووه‌مى گه‌مارۆكه‌ تاچه‌ند چاره‌سه‌رێكى كاتییه‌؟
شۆڕش قادر: رووبه‌ڕووى هه‌ڵاوسانى ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ دراو زۆر ده‌بێت، به‌ڵام ئاستى به‌رهه‌مهێنانى كاڵا وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، چاره‌سه‌رى ناكات و قووڵترى ده‌كاته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌ رووخانى ئابوریى ئێران ئه‌و وڵاتانه‌، كامانه‌ن كه‌ وه‌ك پاشكۆى ئابورى تووشى هه‌مان شكست ده‌بنه‌وه‌؟

شۆڕش قادر: عێراق زۆرترین زیانى به‌رده‌كه‌وێت، ئێستا یه‌كێك له‌ زه‌ره‌كان، كه‌مبونه‌وه‌ى هاتنى گه‌شتیاره‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێم و عێراق به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو.

دواڕۆژ: بازاڕه‌ داراییه‌ بچووكه‌كان له‌ هه‌رێم رۆڵى سه‌ره‌كییان هه‌یه‌ له‌ راییكردنى مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ دروستبوونى بازاڕى ره‌ش، ئه‌م بازاڕه‌ داراییه‌ ناره‌سمییانه‌ مه‌ترسییان بۆ دروست نابێت؟
شۆڕش قادر: پێشتر چه‌ند بانكێكى ئێران له‌ عێراق هه‌بوون بۆ ئاڵوگۆڕى دراو بۆ ئێران به‌ڵام داخران، فشاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بازاڕه‌ داراییه‌ ناره‌سمییه‌كان و ده‌بنه‌ تاكه‌ به‌دیلى بانكه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن، ئه‌گه‌ر كۆنتڕۆڵى بازاڕى ره‌ش نه‌كرێت ئه‌مانیش رووبه‌ڕووى قه‌یران ده‌بنه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure