غەرامەی ئەو کەسانە دەكرێت کە لەئۆتۆمبێلەوە شت فڕێدەدەن

هەواڵ / ئابوری :: 02/09/2018‌ :: 826‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
شارەوانی سلێمانی لەڕێگەی تیمێکی تایبەتەوە غەرامەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە شت فڕێدەدەن یان لەدەرەوەی شار خاشاک جێدێڵن.


ڕزگار ئەحمەد، لێپرسراوی خزمەتگوزارییەکان لەشارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "ئێمە بەردەوام سێ تیمی جیاوازمان ھەیە بۆ چاودێری ئەو کەسانەی خاشاک لە ئۆتۆمبێلەوە فڕێدەدەن یان لەقەراغ شەقامەکان، بەڵام لەگەڵ قەیرانی داراییدا ئەو چاودێریکردنە کەمبۆتەوە".

ڕاشیگەیاند "بەردەوام ئەو چاودێرییە ھەبووە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەچنە قەراغ شار خۆڵ و خاشاک فڕێدەدەن یان ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکانەوە شت فڕێدەدەن، تیمەکەمان ژمارەکانیان تۆمار دەکەن و دەنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی و لەوێ دەنێردرێتەوە بۆ لامان و غەرامەیان دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا "ڕۆژانە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دێتەوە بۆ لامان کە پابەند نین بەژینگەوە غەرامەیان بۆ دەکرێت".

غەرامەکە لە 200 ھەزار، 400 ھەزار و 600 ھەزار پێکدێت کە بەپێی سەرپێچییەکان دیاریدەکرێت، تەنھا لەساڵی 2017دا بەبڕی 70 ملیۆن دینار غەرامەی ئەو شۆفێرانە کراوە، بەڵام لەمساڵدا هێشتا بڕی غەرامەکانمان دیاری نەکردووە کە چەندە".

لەساڵی 2010دا شارەوانی سلێمانی دەستیکردوە بەچاودێریکردنی ئەو کەسانەی خۆڵ و خاشاک فڕێدەدەن و شەقامەکان پیسدەکەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure