بانگەشەی هەڵبژاردن لە چەند شوێنێكی هەڵەبجە قەدەغەكرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/09/2018‌ :: 258‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیارمانداوە بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە تا كۆتایی شەقامی بەردەم قایمقامییەت قەدەغەبكرێت و هەر لایەنێكی سیاسیش پابەندنەبێت سزادەدرێت.


كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند، بەمەبەستی رێكخستنی ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەكان و دیاریكردنی ئەو شوێنانەی كە نابێت بانگەشەی هەڵبژاردنییان تیادا ئەنجامبدرێت، لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و بەڕێوەبەری گشتی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە هەڵەبجە كۆبووینەوەو چەند بڕیارێكی پێویست دەركرا.

وتیشى، "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارماندا كە لەكاتی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە بەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و تا كۆتایی شەقامی قایمقامیەت و بینای سەرۆكایەتی شارەوانی بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەبكرێت، هاوكات لە چوارڕیانی ناو بازاڕ تا كۆتایی شەقامی بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەبكرێت، بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بەردەم بارەگا حزبییەكان بانگەشه‌كردن تیایاندا رێگه‌پێدراوە".

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ئەوەشی وت، "لە كۆبوونەوەكەدا بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانمان راگەیاندووە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشتری پەرلەمانی عێراق ئەركێكی زۆر كەوتە سەر شارەوانی بەتایبەت لەدوای كۆتاییهاتن بە پڕۆسەكە، چونكە زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان پابەندنەبوون بە رێنماییەكانەوە بە لێكردنەوەی ریكلامەكان، بۆیە نامانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە دووبارە ببێتەوە، هەر لایەنێك پەیوەست نەبێت سزادەدرێت".

وابڕیارە چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو 5ى ئه‌یلول بانگەشه‌ی هێز و لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكات و هەڵبژاردنیش لە 30ى ئه‌یلول بەڕێوەبچێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure