دەربارەی 31ی ئاب

هەواڵ / چاوی تۆ :: 01/09/2018‌ :: 654‌ جار بینراوە

هۆشیار عەزیز
3١ی ئاب لاپەرەیەکی خوێناوی و ناشیرینی ناو کتێبێکی گەورەو ناشیرینی شەڕی برا کوژیە..
ئەم مێژوە وەک چۆن بۆ یەکێتی ئەوکات (گۆران و یەکێتی ئێستا) شکستێکی گەورەو ساتەوەختێکی تاڵ و ناخۆش بوو, بۆ پارتیش ئەگەرچی سەرکەوتنێکی گەورەبوو بەڵام ساتەوەختێکی تاڵ و ناخۆش بوو، ھیچ پارتیەک بەسەرکەوتنەکانی لەشەری ناوخۆدا خۆشحاڵ نەدەبوو ئەوەندەی دڵ پر خەم و ئازار دەبوو, ئاخر چونکە ھیچ سەرکەوتنێک لەو سەرکەوتنە تاڵ و ناخۆشتر نیە کەبەسەر براو کەسی خۆتدا بێت، ئەو ساتەوەختانە ساتەوەختێک بون کە براکان جەستەی یەکتریان شەڵاڵی خوێن کردبو، شەقام و کوچەو کۆڵان و شاخ و دۆڵ و گردۆڵکەکانیان بە خوێنی یەکتر سور کردبو، سەدان دایک و باوک جەرگ سوتاو بون و سەدان ژنی روسور بێوەژن و ڕەشپۆش کەوتن و ھەزاران منداڵی کچ و کوڕ ھەتیو و بێ ناز کەوتن، چرای سەدان ماڵ بۆ هەتا هەتایە کوژایە و خەونی هەزاران کەس بۆ هەتاهەتایە لە گۆڕ نرا، ئەم مێژوە (کۆی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی شەڕی برا کوژی دەڵێم هەر ٣١ی ئاب ناڵێم) دەبێت بە جۆرێک لە یادەوەریماندا بمێنێتەوە تا هەمیشە ترسمان لە دوبارە بونەوەی هەبێت و ئەو ترسەش رێگر بێت لە دوبارە بونەوەی نەک بەو جۆرە لە یادەوەریماندا بمێنێتەوە کە شەری دەرونی یەکتری پێ بکەین، ئێمە نەتەوەیەکی بریندارین، لەهەزار لاوە بریندار بوین و خوێنمان جۆگەلەی بەستوە، لە دوای ئەو مێژوەشەوە ئێمە برینی زۆر قوڵتر لەجەستەمان کراوە و خوێنی زۆرمان لێ رۆشتوە و ئازاری زۆرمان چەشتوە و تا ئێستاش بەو برین و ئازارانەوە دەتلێینەوە، شەری داعش و قەتڵ و عامی خوشک و برا یەزیدیەکانمان وشەهید و بریندار بونی هەزاران پێشمەرگەو ئاسایش و بەرگریکار لەم خاکە و هێرشی حەشدی شەعبی و داگیرکردنی لەسەدا پەنجای کوردستان و ژێردەستە بونەوەی سەدان هەزار کورد کە زیاتر لە ١٤ ساڵ بو هەوای ئازادیان هەڵدەمژی نمونەی نزیک و بەرچاون .. 

ھەر بۆیە ئەوانەی بەناوی دڵسۆزی و کورد و کوردستانخوازیەوە ئاور بۆ رابردوو دەدەنەوەو تەماشای لاپەرەناشیرینەکانی رابردوو دەکەن و بەحساب دەست دەخەنە سەر برینەکان دەبێت تەماشای ھەموو لاپەرەکانی ئەو کتێبە ناشیرینە بکەن و دەست بخەنەسەر ھەموو برینەکان نەک تەنھا زووم بکەنە سەر لاپەرەیەک و دەست بخەنەسەر تەنھا برینێک, چونکە کاتێک تەنھا زووم دەکەنە سەر لاپەرەیەک و قسەکانیان کورت دەکەنەوە لەسەر لاپەرەیەک و خۆیان لەلاپەرەکانی دیکە دەبوێرن ئەوە جگە لەھەوڵدان و خۆ ماندو کردن بۆ کولاندنەوەی برینەکان و ئازاردانی ھەستی قوربانیان و زیان لێکەوتوانی ئەومێژوە تاڵە ھیچی تریان لەنیەتدا نیە, کەئەمەش قێزەون تریین و پیستریین جۆری نیەتە کە لەم بارو دۆخ و سەردەمەدا کەسێک یان لایەنێک ھەیبێت, نیەتی کولاندنەوەو ئازاردانی رۆح و ھەستی ھەزاران ئینسانی بریندار و زیانباری ئەم وڵاتە چی پێ دەوترێت جگە لە نەخۆشی و رقێکی کوشندە و کوێری خەڵکانێک کەلەئازاردان و بریندارکردنی ئەوانی دیکە چێژ دەبین، ئەوانەی ئایندەو ئاسودەیی و ئاشتی و ئاوەدانی خوازن بۆ ئەم وڵاتەو خەڵکەکەی ئەبێت ھەوڵ بدەن و داوا بکەن کە ٣١ی ئاب و ھەموو لاپەرە خوێناوی و بریناوی و ئازاراویە ناشیرینەکانی دیکەی پیش و دوای ٣١ی ئاب وەک کتێبێکی ناشیرین بپێچرێنەوەو دابخرێن، داوابکەن و ھەوڵ بدەن کە ئیتر بۆھەتاھەتایە لاپەرەو کتێبی ناشیرینی لەم شێوەیە و مێژووی ئەم میللەت و وڵاتە بە پێنوسی ناشیرینی شەری براکان نەنوسرێتەوە...
 
هێشتا ساتەوەختە مەترسیدار و چارەنوس سازەکان لە پێشمانەوەن، بەجێمان نەهێشتون، هێشتا چەقۆی دوژمنەکان لەسەر گەردن و ملمان دور نەکەوتۆتەوە تا بەو خوێن ساردی و دڵساردی و دەرون گەرمیە پەلاماری یەک بدەین و یەکتر لەهەزار لاوە بریندار بکەین، ئێمە دەبێت لە جیاتی کولاندنەوەی برینی دەیان ساڵ پێش ئێستا پێویستە زەمینەی رۆحی و دەرونی ساز بکەین بۆ ئاشت بونەوە و باوەش بەیەکدا کردن و بڕین و تێپەڕاندنی رێگا سەختەکەی چارەنوس کە رەنگە چەند رۆژ یان مانگی تر دەست پێ بکات..

ئێمە دەبێت برینەکانی جەستەی یەکتر سارێژ بکەین و چیتر واز لە هەڵدانەوەی قەتماغە وکولاندنەوەی برینەکانی یەکتر بهێنین  ..
...
دوو تێبینی؛ 
 #خۆم لەهەمو کەس بە پارتی تر ئەزانم کەس موزایەدەی پارتایەتیم لەسەر نەکات و شەرحی فەلەسەفەی ٣١ی ئابم بۆ نەکات، من ئاوا سەیری ئەم رۆژە دەکەم تۆیش کەیفی خۆتە، ٣١ی ئاب لای من نە خیانەتە، نە جەژنە، نە جێ ی شانازیە، رۆژێکی خوێناوی ناو ڕۆژە خوێناویەکانی شەڕی براکوژیە و هیچی تر. 

#  من دوو جار لە شەری براکوژیدا بە سەختی بریندار بوم، بۆیە ئازاری شەری براکوژی تا ئێستاش لە ناو ئێسک و دەمارەکانم و سەرمدایە و پارچەیەکیش تا ئێستا لە نزیکی دڵمەوە جێ نشینەو ساڵانە چەند جارێک مەرگم لێ نزیک دەکاتەوە، بۆیە کاتێک دەڵێم ئازاری شەری براکوژی خۆم چەشتومەو دەزانم دەڵێم چی ..



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure