یۆنامی: له‌ جێگه‌ی یان كۆبیش، نوێنەری تایبەتی نوێ بۆ عێراق داده‌مه‌زرێندرێت

هەواڵ / عێراق :: 01/09/2018‌ :: 478‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 1ی ئه‌یلول سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگه‌یاند، نوێنەری تایبەتی نوێ بۆ عێراق دادەمەزرێنێت.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كه‌كان له‌ عێراق، ئه‌نتۆنیۆ گۆترێش، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، رایگه‌یاندووه‌، خاتوو جینین هێنیس-پلاسخارت وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی له‌ عێراق و سه‌رۆكی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عێراق (یۆنامی) داده‌مه‌زرێنێت. 

هاوكات به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، یان كۆبیش نوێنه‌ری تایبه‌تی ئێستای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له‌خزمه‌تكردن وه‌ك نوێنه‌رری تایبه‌تی یۆنامی به‌رده‌وامده‌بێت تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ و له‌ سه‌ره‌تای ساڵیشه‌وه‌ نوێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ ده‌ستده‌كات به‌ كاركردن. 

له‌ساڵی 2012 بۆ 2017 وه‌زیری به‌رگری هۆڵه‌ندا بووه‌، یه‌كه‌مین ژن بووه‌ له‌و پۆسته‌دا دامه‌زرێت، سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی ناوه‌ندی و سه‌ركردایه‌تی هه‌ر چوار سه‌رچاوه‌كانی به‌رگری و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی شانشینی هۆڵه‌ندی كردووه‌، سوپای ده‌ریایی، هێزی ئاسمانی، پۆلیسی سه‌ربازی، پاسه‌وانی سنور، له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌و پۆسته‌دا سه‌رپەر‌شتی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی كردووه‌ له‌ وڵاتانی مالی و عێراق و ئه‌فغانستان.


بلا-سخارت له‌ساڵی 2010 بۆ 2012 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا بووه‌، له‌ساڵی 2004 بۆ 2010 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بووه‌، وه‌ك رێكخه‌ری ئه‌وروپی له‌ برۆكسل و ریغای پایته‌ختی لاتفیاش كاریكردووە.




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure