مالیكی: بەو ئاراستەیە ناڕۆین کە وڵاتە گەورەکان دەیانەوێت

هەواڵ / عێراق :: 01/09/2018‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد نەجمەدین 
سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق له‌ئێستادا به‌ بارودۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌رێت و جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ به‌و ئاڕاسته‌دا ناڕۆن كه‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كان ئاره‌زووی ده‌كه‌ن. 


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 1ی ئه‌یلول، نوری مالیكی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا راگه‌یاندنێكی بڵاوكرده‌وه‌ و وتی " دەستوەردانە هەرێمایەتی و دەرەکییەکان یەکپارچەیی و یەکڕیزی گەلی عێراقیان کردووەتە ئامانج".

ده‌شڵێت ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییانه‌ "دەیانەوێت رەوشێکی ئاڵۆز لە عێراق دروستبکەن بۆیە پێویستە یەکڕیزبین بۆ شکستهێنان بە پیلانە دەرەکییەکان".

مالیكی جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ "هۆشداریدەدەینە ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن عێراق بخەنە نێو ململانێکانەوە و بەو ئاراستەیە ناڕۆین کە وڵاتە هەرێمایەتی و گەورەکان دەیانەوێت".

هاوكات داواشی له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ كه‌ گوێڕایه‌ڵی هێزه‌ده‌ره‌كییه‌كان نه‌كه‌ن "كه‌ ده‌یانه‌وێت پیلانه‌كانیان به‌ خوێنی گه‌لی عێراق دابڕێژن". 

سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا داواش له‌ لایه‌نه‌كانی عێراق ده‌كات پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌ گوێ له‌یه‌كتر بگرن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ چاكسازی له‌ حكومه‌تی عێراقدا بكه‌ن و ئاشته‌وایی دروستبكه‌ن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure