ئاسیاسێڵ پڕۆژەیەکی گەورەی ھونەری لە سلێمانی رادەگەیەنێت

هەواڵ / کوردستانی :: 01/09/2018‌ :: 846‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ھونەرمەندان و ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی ئاگاداردەکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکی ھونەری بۆ جوانکردنی یەکێک لە دیوارەکانی شەقامی سالم لە سلێمانی.


لەڕاگەیەندراوێکی ئاسیاسێڵدا ھاتووە  "ئاسیاسێڵ هەڵدەستێت بە نۆژەنکردنەوەی دیواری ڕاگری شەقامی سالم بەرامبەر دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە شێوەی پڕۆژەیەکی هونەری تایبەتدا". 

ئاماژە بەوەشدەکات "پڕۆژەکە لە شێوەی پێشبرکێیەکی هونەری دەبێت لە نێوان هونەرمەندان و خاوەن بیرۆکەی هونەری جوان بۆ ئەوەی دواجار بیرۆکەیەکی سەرکەوتوو هەڵبژێردرێت وبخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئاسیاسێڵ داوا لە سەرجەم خاوەن بیرۆکەی جوان و هونەرمەندان دەكات كە بە دیزاینێکی هونەری و سەردەمیانە بەشداری لە پێشبڕكێكەدا بکەن و لە شێوەی پڕۆژە پێشكەشی بكەن کە لە ئاستی جێبەجێکردندا بێت. 

ئاسیاسێڵ راشیدەگەیەنێت، براوەی پێشبڕکێکە خەڵات دەکرێت و تێچووی پڕۆژەکەش لەئەستۆ دەگرێت.


مەرجەکانی بەشداریکردن لەپێشبڕکێکە:

1- هیچ سنورێک نیە بۆ خەیاڵی هونەرییانەی دیزاینەر یان هونەرمەند و خاوەنی بیرۆکەکان.
2- نابێت بیرۆکەکان هیچ ئاماژە و سومبولێکی دژی مرۆڤایەتی وبەها کۆمەڵایەتیەکانیان تێدا بێت و هەروەها نابێت ئاماژەی توندوتیژی لەسەر هیچ ئاستێك لەخۆبگرێت.
3- بیرۆکەکە کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی مێژووی هاوچەرخی کوردستانی تیا نەبێت.
4- بیرۆکەکە خاوەنی ستایلێکی تازەگەرییانە و خاوەن ئاستێکی بەرزی هونەری بێت و لە ڕووی تەکنیکیەوە جێبەجێکردنەکەی واقعیانە بێت.
5- بیرۆکەکە ئاماژە یان سەرچاوە بگرێتەخۆ لە خستنە ڕووی شکۆمەندی سلێمانی و کوردستان، هەروەها دیزاینەکە ئاماژەکردن بە ئاسیاسێڵ لەخۆبگرێت بە شێوەیەکی جوزئی و وەکو سپۆنسەری کارەکە و وەکو بەشێک لە مێژووی شاری سلێمانی لە بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی و شارستانیدا.
6- بیرۆکەکە لە جێبەجێکردندا نەبێتە هۆی شێواندنی بوونی بنچینەیی و شێوەی دیوارەکە.
7- بیرۆکەکە لە جێبەجێکردندا لە ڕووی سەلامەتییەوە هیچ کێشەیەك دروست نەکات بۆ ڕێبواران و ئۆتۆمبێل و دەوروبەرەکەی.
8- بیرۆکەکە چارەسەری ڕوناکی بۆ پڕۆژەکە لە خۆگرتبێت.



هەر كەس ولایەنێك ئارەزوومەندە بەشداری بكات لەم پرۆژەیەدا ئەوا دەبێت: 

• پێشتر وێنەیەك لە پرۆژەكەی بە (CD) یان بە (فلاش میمۆری) یان لەسەر (كاغەز) بنێرێت بۆ بینای گروپی كۆمپانیاكانی فاروق – قاتی 7 و پەیوەندی بە یەكێك لەم دوو ژمارەیەوە بكات: 07701190159 یان 07701195867

دوا وادە بۆ وەرگرتنی وێنەی پرۆژەكان 15ی مانگی ئەیلول دەبێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure