کاتی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن راگەیاندرا

هەواڵ / کوردستان :: 31/08/2018‌ :: 22731‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،هانا چۆمانی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 4ی ئەیلولی 2018، دەستدەکرێت بەدابەشکردنی پارەی کارمەندانی گرێبەستی کۆمسیۆن لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.


لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی ئایاری رابردووی عێراق، ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە بەگرێبەست دامەزرێنران بۆ چاودێریکردنی سەندوقەكانی دەنگدان، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و بژاردنەوەی دەنگەكان تائێستا پاری ئەو کارمەندانە دابەش نەكراوە.

رزگار حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند "بەهۆی راگرتنی كاری ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، نەتوانراوە پارەی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان كە بەشێوەی گرێبەست دامەزرابوون خەرج بكرێت".

وتیشی "پێشتریش رامانگەیاندووە کە دوای گەڕانەوەمان بۆ سەر كارەكانمان کە ئەم هەفتەیە بە فەرمی خەرجكردنی پارەی ئەو كارمەندانەی سەر سندوقی دەنگدان خەرجدەکرێت و کۆمسیۆنیش رۆژی 4ی ئەیلولی دیاریکردووە".

هەر لەبارەی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن، ئەمڕۆ هەینی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادنەکانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند "بۆ ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق وەکو کارمەندی سەر سندوق دەست نیشان کرابوون، رۆژی سێشممەی داهاتوو 4ی ئەیلولی 2018  دەست بە دابەشکردنی پارەکانیان دەکرێت لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق به هەرێمی کوردستانیشەوە".

لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "بەڕێوەبەری وێستگەکان 250 هەزاریان پێ دەدرێت، ئەوانی تر هەریەکەیان بڕی 200 هەزار دینار وەردەگرن و پارەکەش لەڕێی لقەکانی بانکی رافیدەینەوە بەسەر لقەکانی کۆمسیۆن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure