نه‌خۆشانى گورچیله‌ له‌ دۆخێكى سه‌ختى ژیاندان

هەواڵ / کوردستان :: 01/09/2018‌ :: 375‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌هۆى نه‌بوونى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى، نه‌خۆشانى گورچیله‌ له‌سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دۆخێكى سه‌ختدان و ئه‌و ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكانه‌ى مانگانه‌ پێیان ده‌درێت به‌شیان ناكات.


ئاریان عه‌لی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی گورچیله‌ پارێزی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "بارودۆخی نه‌خۆشانی گورچیله‌ سه‌خته‌ و جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشانی شێرپه‌نچه‌ و تالاسیما، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیاتر بۆته‌ گرفت بۆ ئێمه‌ گرانى نرخى ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانه‌ و ناتوانین به‌ ئاسانى به‌ده‌ستیان بهێنین و هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پزیشكیش به‌كاربهێنین".  

وتیشی "له‌ زۆرێك له‌ شار و شارۆچكه‌كان نوسینگه‌ى تایبه‌تیمان كردۆته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ناو شارى هه‌ڵه‌بجه‌ش 34 نه‌خۆشمان هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ به‌رپرسانى ته‌ندروستى ئاگادارى گوزه‌رانمان ببن، چونكه‌ ژیانمان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و هاوكات نه‌خۆشانی گورچیله‌ ناتوانن كاربكه‌ن و به‌ كه‌مئه‌ندامیش هه‌ژمارناكرێن".

سه‌رۆكی رێكخراوی گورچیله‌پارێز ئه‌وه‌شی خستەڕوو، ئه‌و بڕه‌ ده‌رمانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌ وه‌ریئه‌گرین مانگانه‌ به‌شمان ناكات و ده‌بێت له‌ بازاڕدا ده‌رمانى دیکه‌ بكڕین و زۆربه‌شمان تواناى كڕینى درمانمان نییه‌ به‌هۆى به‌رزى نرخى ده‌رمانه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ داوا له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌ین هه‌وڵی جدی بدات بۆ زیادكردنى ئه‌و ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكیانه‌ى كه‌ ده‌بێت بۆمان دابینبكرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌گه‌ر پێشتر كه‌مته‌رخه‌مى یاخود ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پێویست نه‌درابێت به‌ نه‌خۆشانى گورچیله‌ ئه‌وا په‌یوه‌ندى به‌و بڕه‌ ده‌رمانه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ له‌ كۆگانماندا هه‌بووه‌ و به‌شى پێداویستیه‌كانیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵى جدى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌مه‌ودوا گۆڕانكارى بكه‌ین له‌ شێوازى پێدانى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پزیشكى به‌ نه‌خۆشانى گورچیله‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure