هه‌ڵمه‌تێكی كوتان دژی نه‌خۆشی سورێژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 01/09/2018‌ :: 2095‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بڕیارە رۆژی 2ی ئەیلولی 2018، هه‌ڵمه‌تێكی كوتان دژی نه‌خۆشی سورێژه‌ له‌ پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستپێبکات و ماوه‌ی 10 رۆژ به‌رده‌وام بێت.
 

خالس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ هاوكاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف بەڕیوەدەچێت و له‌و چوارچێوەیه‌شدا منداڵان بە پێکوتەی سوورێژەی تێکەڵ دەکوترێن".

وتیشی "سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ته‌ندروستی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم به‌فه‌رمی ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئاماده‌كاری ته‌واو تاوه‌كو له‌كاتی دیاری كراودا پرۆسه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی ده‌ستپێبكات و له‌ هه‌ر پارێزگا و ئیداره‌یه‌كیشدا تیمی ته‌ندروستی گه‌ڕۆك پێكهێندراوه‌ بۆ كوتانی منداڵان". 

خالس قادر رونیشیکردەوە "له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا هەموو منداڵێكی تەمەن 9 مانگ تاوەکو پێنج ساڵان ده‌كوترێن و داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ هاوكاری تیمه‌كانی ته‌ندروستی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان بكوترێن، چونكه‌ هه‌ر دایك و باوكێك كه‌مته‌رخه‌می بكات له‌ نه‌كوتانی منداڵه‌كه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان تووشی نه‌خۆشی سورێژه‌ ببێته‌وه‌".  

ئەوەشی خستەڕوو "هه‌رچه‌نده‌ ئەمساڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوو بڕی بودجه‌ی پێویستی دابین نەكردووه‌، به‌ڵام هه‌وڵدراوه‌ له‌ رێگه‌ی داهاتی یه‌كه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئه‌و كه‌مكردنه‌وەی بودجه‌یە پڕبكرێته‌وه‌".

به‌ پێی زانسته‌ پزیشیكیه‌كان سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە نیشانەكانی سەرەتا وەك نیشانەكانی هەڵامەتن، چونكە زیاتر تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت و منداڵەكە سەرەتا تووشی تاو كۆكە و ئاوكردنی لووت و چاو  دەبێت، دوای پێنج رۆژ لەم نیشانانە، پەڵەی سوور لەسەر پێست پەیدا دەبن. پەڵەكان سەرەتا لە پشتەوەی گوێ‌ پەیدا دەبن، دواتر بەشەكانی خوارەوەی جەستەش دەگرنەوە. تەمەنی پەڵەكانیش لەنێوان 4-7 رۆژدایە و دواتر توێك هەڵدەدەن و بەرەو تەواوبوون دەچن.

چوار رۆژ بەر لەدەركەوتنی نیشانەكان، نەخۆشەكە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە بۆ كەسانی دی، ئەو پرژانەی لەگەڵ كۆكە و پژمین و لەڕێگەی بۆری هەناسەوە دەردەچن گرنگترین هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، هەروەها  بەركەوتنی راستەوخۆ بە هەر شوێنێك كە لەپرژە دەرچووەكانی كەسی تووشبوو پیسبووبێت و  خاوێن نەكرابێتەوە.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure