سه‌عدى پیره‌: چوار لایه‌نه‌كه‌ هه‌ڵوێستیان باشه‌ و ده‌یانه‌وێت كورد یه‌ك ماڵ بێت

هەواڵ / کوردستانی :: 31/08/2018‌ :: 540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، چوار لایه‌نه‌كه‌ نایانه‌وێت وه‌ك یه‌ك ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ یەکێتی و پارتی بچنە به‌غدا، به‌ڵام هه‌ڵوێستیان باشه‌ و به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕۆن له‌ ئاینده‌دا كورد یه‌ك ماڵ بێت و یه‌ك یاریزانى له‌ به‌غدا هه‌بێت.


سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌دواڕۆژى وت "ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى خۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌واوكردووه‌، ته‌نیا توركمان و زه‌حمه‌تكێشان ماون".

وتیشى "بڕیاره‌ پارتى سه‌ردانى هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى بكات له‌ سلێمانى، چونكه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون".

سه‌عدى پیره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "زیاتر له‌ 100 رۆژ ئێمه‌ و پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ یه‌كتر دووربووین، له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌س قازانجى نه‌كردووه‌، ئه‌وانیش قازانجیان نه‌كردووه‌، چونكه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كتریى و ته‌نیا هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ رێگه‌ى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن زه‌ره‌ بۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان".

باسى له‌وه‌شكرد "دواى یه‌كلایكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌لایه‌ن دادگاى فیدڕاڵى، ئێمه‌ بڕیارماندا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئاسیی بكه‌ینه‌وه‌".

وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌گه‌ڵیان دانیشتووین پڕۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى ئێمه‌ و پارتیان پێخراپ نییه‌، به‌ڵام بڕیارى ئه‌وه‌یان نه‌داوه‌ به‌شدارى بكه‌ن وه‌ك ده‌سته‌یه‌ك یان پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ن به‌ پڕۆژه‌ى خۆشیان".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزى نیشتمانین، به‌ڵام له‌سه‌ردانمان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نایه‌ن، چونكه‌ تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و راده‌یه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ یه‌ك ده‌سته‌بن، به‌ڵام هه‌ڵوێستیان باشه‌ و به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕۆن ماڵى كورد له‌ ئاینده‌دا یه‌ك ماڵ بێت و یه‌ك یارزانى كوردى هه‌بێت له‌ به‌غدا".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure