وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستگیر كردن بۆ عەمید سەرحەد قادر دەردەكات

هەواڵ / کوردستانی :: 30/08/2018‌ :: 15459‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوک دەرچووە، ناوبراویش هەواڵەکە پشتڕاستدەکاتەوە.


بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ کە ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کراوە، داوایان لێدەکرێت عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوک دەستگیر بکەن.

هەر لەنوسراوەکەیشدا هۆکاری فەرمانی دەستگیرکردنەکەی خراوەتەڕوو کە پەیوەندی بەبەشداریکردنی ناوبراوەوە هەیە لەپرۆسەی ریفراندۆم کە لە 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا.

لەسەر ئەو بڕیارە، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک ئەمشەو پێنجشەممە 30ی ئاب بەدواڕۆژی وت "بەڵی، لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی بەشداریکردنم لەپرۆسەی ریفراندۆم".

وتیشی "ئەرکی حکومەتی هەرێمە ئەم پرسە و پرسەکانی دیکەیش کە روبەڕوومان بۆتەوە، چارەسەر بکەن لەدانوستانەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی بەغدا".

وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە پشتی بەستووە بە ماددەی 29 لەیاسای سزادانی هێزەکانی ناوخۆ بەژمارە 14ی ساڵی 2008ی هەموارکراو.

عەمید سەرحەد قادر لەدوای رووداوەکانی ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەرەوە شارەکەی جێهێشتووە و دوای چەند مانگێکیش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوک هەڵوەشێندرایەوە و پۆلیسەکانیشی بەسەر بنکەکانی پۆلیسدا دابەشکران.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure