كوشتنی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری كێوی له‌ناو په‌كه‌كه‌ سزای له‌سه‌ره‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/09/2018‌ :: 433‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
له‌ هه‌رێمی پاراستنی میدیا كوشتنی ئاژه‌ڵی كێوی قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك ئه‌نجامیبدات سزای ماددی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، به‌رپرسێكى هه‌په‌گه‌ش ده‌ڵێت، به‌رده‌وام هۆشیاری له‌ناو خه‌ڵك بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ و سروشتی كوردستان بپارێزن. 


رێڤان وڵات، به‌رپرسی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ى ئابى 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، له‌ ته‌واوی سنوری هه‌رێمه‌كانی پاراستنی میدیا كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌دایه‌، چه‌ندین جۆر ئاژه‌ڵی كێوى بوونی هه‌یه‌ كه‌ دیمه‌نێكی جوانی به‌ ژینگه‌ و سروشتی كوردستان به‌خشیوه‌، كوشتنی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ كێویانه‌ش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌ چیا و له‌ نێو سروشتدا به‌شێوه‌ی پارتیزانی جموجوڵ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، زۆربه‌ی كات ئاژه‌ڵی ناوازه‌ و جۆراوجۆری كێویان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌ریلاكان ئاژه‌ڵی كێوی ناكوژن و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ زۆر كات و شوێن ده‌یان پارێزن و دانه‌وێڵه‌یان بۆ داده‌نێن. 

رێڤان وڵات باسی له‌وه‌شكرد، گه‌ریلاكانی ئێمه‌ رێگه‌ش به‌ هیچ هاوڵاتییه‌ك ناده‌ن راوی ئاژه‌ڵی كێوی بكه‌ن و هه‌ر هاوڵاتیه‌كیش راویان بكات و بیانكوژێت ئه‌وه‌ سزای ماددی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت. 

له‌باره‌ی بڕی سزا ماددیه‌كه‌ش وتی "سزا ماددییه‌كه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ جۆری ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌یه‌ كه‌ راوده‌كرێت و ده‌كوژرێت". 

په‌یوه‌سته‌ به‌ جۆری ئاژه‌ڵه‌كه‌

به‌رپرسی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هێزه‌كانیان به‌رده‌وام رێنمایی خه‌ڵك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دووركه‌ونه‌وه‌ له‌ كوشتن و راوكردن. 

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ زۆرجار به‌هۆی بۆردومانه‌كانی توركیاوه‌ ژینگه‌ و سروشتی كوردستان وێران ده‌بێت و له‌و نێوه‌ش ئه‌وه‌ی زیانی به‌رده‌كه‌وت ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری كێوین. 

هه‌رێمه‌كانی پاراستنی میدیا سنورێكی به‌رفراوانی كوردستانی گه‌وره‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) دایه‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure