وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌سه‌ر هاورده‌كردنى ده‌رمان به‌بێ پشكنین رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستانی :: 29/08/2018‌ :: 542‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، هاورده‌كردنى ده‌رمان به‌بێ پشكنین بۆ ماوه‌یه‌كى كورت بۆ هه‌ندێك ده‌رمانى زۆر پێویست ئاساییه‌ و رێگه‌ده‌درێت له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان هاورده‌ى هه‌رێم بكرێن، دەشڵێت "به‌ڵام ده‌بێت له‌ شێوازى گواستنه‌وه‌ و دۆكیومێنته‌كانى ده‌رمان دڵنیابینه‌وه‌".


به‌پێى نووسراوى فەرمی كوالێتى كۆنترۆڵى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له‌سه‌ر داواى كۆمپانیاى (Active Remedy) داوا له‌ گومرگى گشتى هه‌رێم كراوه‌ رێگه‌ به‌ هه‌ندێك جۆرى ده‌رمان بدرێت به‌بێ پشكین بهێندرێنته‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌نوسراوه‌كه‌ى كوالێتى كۆنترۆڵ ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌  ئه‌و ده‌رمانانه ‌پشکنین و کڕین و فرۆشتنیان له‌سه‌ر نییه‌ و ته‌نیا بۆ نه‌خۆشخانه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌ و ده‌بێت ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌هۆیه‌کانى ساردکه‌ره‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌.

له‌باره‌ى هاورده‌كردنى ده‌رمان به‌بێ پكشنین بۆ كوردستان، خاڵس قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "هاورده‌كردنى به‌شێك له‌ ده‌رمانى پێویست به‌بێ پشكنین بۆ هه‌رێم ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ن كه‌ زۆر پێویستن، وەک هه‌ندێک دەرمانی شێرپەنجە و هۆرمۆنات یان هه‌ندێك جۆری دەرمانی سڕکردن، ئه‌مه‌ش دواى دڵنیابوون لە دۆکیومێنتەکان و وه‌رگرتنى نموونه‌ له‌ ده‌رمانه‌كان".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "ده‌رمان وه‌كو خواردن و كه‌لوپه‌لى تر نییه‌ له‌ ده‌روازه‌كان پشكنینى بۆ بكرێت، به‌ڵكو دواى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن لێژنه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ پشكنینى بۆ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌پێى مه‌رج و رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هاورده‌كرا ئه‌وا رێگه‌ى پێده‌درێت به‌كاربهێنرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە