باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق له‌باره‌ی نه‌مانی ڤیزای وڵاته‌كه‌ی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 29/08/2018‌ :: 6254‌ جار بینراوە
فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ سیسته‌می ڤیزای وڵاته‌كه‌یدا نه‌كراوه‌ و جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ نه‌هێشتنی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی عێراق. 


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ی ئاب، فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر نوسیوویه‌تی "پرسیاره‌كانی ئێوه‌م پێگه‌یشتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكاری له‌ پێشكه‌شكردنی سیسته‌می ڤیزا بۆ هاوڵاتییانی عێراق". 

فاتح جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ سیسته‌می ڤیزای توركیا نه‌كراوه‌. 

ده‌شڵێت، داواكانتان ده‌گه‌یه‌نم سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڤیزا به‌مه‌به‌ستی ئاسانكردنی گه‌شته‌كانتان بۆ توركیا. 

دوێنێ سه‌رچاوه‌یەك له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل رایگه‌یاند "پاش چه‌ند رۆژێكی تر ڤیزای نێوان توركیا و عێراق نامێنێت".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ دواڕۆژ، وتی "سه‌د له‌ سه‌د ڤیزای نێوان توركیا و عێراق نامێنێت، هه‌ر كه‌سێك له‌عێراقه‌وه‌ بچێته‌ توركیا له‌ سنووری ئه‌و وڵاته‌ له‌جیاتی ڤیزا پاره‌یه‌كی كه‌م ده‌دات".

ئاشكراشیكرد، كونسڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر پێیانڕاگه‌یاندوون، تائێستا ئه‌وان هیچ بڕیارێكی فه‌رمییان له‌سه‌ر گۆڕانگاری پێدانی ڤیزا به‌ خه‌ڵكی عێراق پێنەگەیشتووە‌.

وتیشی "به‌ڵام پێشبینیده‌كه‌ن له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ڤیزای نێوان هه‌ردوو وڵات نه‌مێنێت و له‌جیاتی وه‌رگرتنی ڤیزای توركیا، هاووڵاتیانی عێراق ته‌نیا 30 دۆلاری ئه‌مریكی بده‌ن".

له‌ ئێستادا وه‌رگرتنی ڤیزاى توركیا 105 دۆلاری ئه‌مریكییه‌ و بۆ (vip)یش 195 دۆلاره‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure