هەدەپە: ئه‌ندامێكی دیكه‌مان له‌ هه‌ولێر بێسه‌روشوێنه‌

هەواڵ / کوردستان :: 29/08/2018‌ :: 243‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، دوو هه‌فته‌یه‌ ئه‌ندامێكیان له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر ده‌ستگیركراوه‌ و تائێستا چاره‌نووسی نادیاره، ده‌شڵێت "ئاسایشی هه‌ولێر هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی ناده‌ن".

عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئەندامێکیان به‌ناوی ئه‌رده‌م مورات ساڤدا، كه‌ خه‌ڵكی شه‌رناخی باكووری كوردستان بووه‌ و له‌دوای فشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا رووی له‌هه‌ولێر كردووه‌ و خوێندكاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین بووه‌، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ ده‌ستیگركراوه‌ و تائێستا چاره‌نووسی دیارنییه‌".

وتیشی "ناوبراو‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌، به‌ڵام كاتێك ویستویه‌تی بچێته‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌لایه‌ن ئاسایشی سنووی حاجی ئۆمه‌ران ده‌ستگيركراوه‌".

نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌هه‌رێم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "له‌گه‌ڵ ئاسایشی هه‌ولێر قسه‌مان كردووه‌ و ئه‌وان هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كمان له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌رده‌م پێناڵێن".

له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنبوونی ئه‌ندامێکی دیكه‌ی هه‌ده‌په‌ له‌هه‌ولێر به‌ناوی (محەمەد وەفا کۆچاکل)، عابد ئیكه‌ وتی "محه‌مه‌د وه‌فا دوای زیاتر له‌ 20 رۆژ له‌ ده‌ستگيركردنی ئازادكراوه‌، به‌ڵام راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان كراوه‌".

له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنبوونی ئه‌رده‌م ساڤدا، دواڕۆژ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوبه‌ر و به‌رپرسانی ئاسایشی هه‌ولێر كرد، به‌ڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure