ڤیدیۆ: په‌یكه‌ره‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌ڵمانیا لابرا

هەواڵ / جیهان :: 29/08/2018‌ :: 2562‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
پاش ئه‌و مشتومڕ و ناڕه‌زاییه‌ی كه‌ دروستیكرد، په‌یكه‌ره‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ شاری فیسبادن لابرا. 


به‌پێی بڕیارێكی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌، شه‌وی رابردوو پەیكەرەكەی ئه‌ردۆغان كە درێژییەكەی چوار مەتر بوو پاش ناڕه‌زایی خه‌ڵكه‌كه‌ لابرا.

دانانى په‌یكه‌رێكى له‌ ئاسن دروستكراوى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا له‌ ناوه‌ڕاستى شارى (Wiesbaden)ى خۆرئاواى ئه‌ڵمانیا بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و له‌هه‌مانكاتدا تووڕه‌یى و بێزاریى به‌شێكى زۆرى دانیشتوانى شاره‌كه‌شى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌یه‌كى لۆكاڵى ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت "راسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران رێگه‌یانداوه‌ به‌ دانانى په‌یكه‌رێك له‌چوارچێوه‌ى چالاكییه‌كى هونه‌ریدا كه‌ له‌ شاره‌كه‌دا رێكده‌خرێت، به‌ڵام نه‌یانزانیوه‌ كه‌ په‌یكه‌رى ئه‌ردۆغان ده‌بێت".

ئه‌وانه‌ى دژى دانانى په‌یكه‌ره‌ ئاسنینه‌ ره‌نگزێڕینه‌كه‌ى سه‌رۆكى توركیان، دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان تۆمارێكى ره‌ش و تۆقێنه‌رى له‌ دۆسیه‌كانى مافى مرۆڤدا هه‌یه‌ و هه‌زاران كه‌سى له‌ زیندانه‌كانى وڵاته‌كه‌یدا به‌ندكردووه‌ و به‌رده‌وام دژى سیستمه‌ دیموكراتیه‌كانه‌ و ته‌نانه‌ت حكومه‌تى ئه‌ڵمانیا به‌ فاشى و به‌ پشتگیریكردن له‌ كه‌سێتیه‌ نه‌یاره‌ كورده‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات، بۆیه‌ بوونى په‌یكه‌رى كه‌سێكى له‌و جۆره‌ له‌ ئه‌ڵمانیادا مایه‌ى قبووڵكردن نییه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكانێكیش هه‌ن دانانى په‌یكه‌ره‌كه‌ به‌ جۆرێك له‌ ده‌ربڕینى بیروڕاى ئازاد و كارێكى ئاسایى ناوده‌به‌ن.

كەناڵی (دی دەبلیو)ی ئەڵمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كە درەنگانێكی شەوی رابردوو تیمەكانی ئاگركوژێنەوە پەیكەرەكەیان لابرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێك كە ئاشكرانەكراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure