دواى دابه‌زینى به‌هاكه‌ى بازرگانی بەتمەنه‌وه‌ په‌ره‌ده‌سێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 29/08/2018‌ :: 1456‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، لەبازاڕەكانی كوردستان خواست لەسەر تمەن زیادبووە و ئێرانییەکانیش تمەنی كاش بە قاچاغ دەھێننە بازاڕەکانی كوردستان، پسپۆرێكى ئابووریش هۆكاره‌كه‌ى رونده‌كاته‌وه‌.


بازرگانێکی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، کە سەرقاڵی کاری ئاڵوگۆڕی تمەنه و پێی باشبوو ناوى نه‌هێنرێت، بە دواڕۆژی وت "لە ئێستادا بازرگانی ھێنانی تمەنی ئێرانی وشکە (كاش) بۆ بازاڕەکانی کوردستان زۆر زیادبووە، بەھۆی خواستی ھاووڵاتیان لەسەر دراوی ئێرانی".

وتیشی "ھێنانی تمەنى وشکە بۆ بازاڕەكانی كوردستان، بەھۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خواستی زۆرى لەسەره‌ و قازانجێکی زۆریش بە ئێرانیەکان دەگەیەنێت کە دەیھێنن، لەئێستادا بازرگانانی ئێرانی بە فەرده‌ تمەن دەگەیەننە بازاڕەکانی کوردستان و ساغیدەكەنەوە بەو ھۆكارەی لێرە بەردەوام خواستی لەسەرە و بازرگانە ئێرانیەکەش قازانجێکی باشی لێدەکات".

تمەنی وشکە واتا ئەو پارەیەی کە بەدەستی دێتە بازاڕەکانەوە ئەم وشەیە زیاتر لە ناو بازرگانانی دراو لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەکاردەھێندرێت.

ئاماژەی بەوەشدا "ئەگەر بازرگانێکی ئێرانی ھەر ١٠٠ دۆلارێک لەئێران بگۆڕێتەوە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تمەنە بە حەواڵە، بەڵام کاتێک بازرگانە ئێرانیەکە ئەو پارەیە دەھێنێت بە وشکە بۆ ئێرە ئەیگۆڕێتەوە بە دۆلار ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە یەک مليۆن دەگۆڕێتەوە، بەمەش لەھەر ١٠٠ دۆلاریەکدا ٥٠ ھەزار تمەن خێردەکات دواتر ئەو پارەیە بە دۆلار حەواڵە دەکاتەوە سەر ژمارە بانکیەکەی خۆی لە ئێران، بۆیە بازرگانە ئێرانیەکان پارەیەکی زۆر دەھێنن کە قازانجێکی زۆری لێدەکەن و ئەو پارەیەش بۆ بازاڕەکان پێویستە و ھاووڵاتیان دەیکڕن و سەفەردەکەن، بۆیە زۆرجار نرخ لێرە گرانترە".

یوسف شەریف، شارەزای ئابووری لەبارەی ئەو بازرگانیکردنەوە دەڵێت "دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر بە دراوی عێراقی و دۆلار وایکردووە کە ھاووڵاتیانی کوردستان گەشت و چارەسەری نەخۆشی و خوێندن سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌كه‌ بكه‌ن، ئەمەش وادەکات لەسلێمانی خواست لەسەر تمەن زیادبێت، بۆ بازرگانيكردن به‌ تمەنى كاش زیادیکردووە و کاتێک دراو بە دەستی لە بازاڕدا نامێنێت، دەبێت پەنا بۆ ئەو ووڵاتە ببرێت کە دراوەکی لێوە بێت بۆیە بازرگانیکرد بەدراو دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا نەبوونی سیستمی بانکی لەنێوان ئێران و کوردستان ھۆکارێکە، کە وادەکات بە كاش تمەن بێتە بازاڕەکان و بفرۆشرێت.

له‌دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى و دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ سزاى ئابوورییه‌كان به‌سه‌ر ئێراندا، به‌هاى تمه‌ن دابه‌زینى گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینيوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە