نێچیرڤان بارزانی: هه‌ڵبژاردن دواناخرێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/08/2018‌ :: 1191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ى ئاب، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌ فه‌رمى داواى ئه‌وه‌ى لێنه‌كردووین هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخه‌ین، وتیشى "هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى-دا نه‌كراوه‌ بۆ دواخستنی و لە کاتی خۆیدا دەکرێت".

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ وه‌فدێكى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و جێگیرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌ردانى باره‌گاى سه‌ره‌كى یه‌كگرتوویان كرد له‌ شارى هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.

له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى باسى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كرد و رایگه‌یاند "باسى یه‌كخستنى هه‌ڵوێستى هێزه‌ كوردییه‌كانمان كرد، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به‌ یه‌ك پاكێج و یه‌ك هه‌ڵوێست بچینه‌ به‌غدا، له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بڕیار بده‌ین".

له‌باره‌ى ده‌نگۆى رێككه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر هه‌ڵوێستیان له‌ به‌غدا بارزانى وتیشى "هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى-دا نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ ته‌نیا قسه‌یه‌".

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌شێكى ترى كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا و له‌ وه‌ڵامى پرسیارى په‌یامێنراندا باسى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كرد و ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت كۆتا هه‌ڵوێستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، تا ئێستاش هیچ لایه‌نێك به‌ فه‌رمى داواى له‌ حكومه‌ت نه‌كردووه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تۆمارى ده‌نگده‌ران كێشه‌كه‌ى تایبه‌ت به‌ كۆمسیۆنه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌كیشیان هه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌وان چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ن و تایبه‌ته‌ به‌خۆیان،ئێمه‌ش وه‌ك حكومه‌ت ئاماده‌ین به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكارییان بكه‌ین.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌كه‌دا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو رایگه‌یاند "ئێمه‌ له‌م قۆناغه‌دا به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌گه‌ر به‌ یه‌ك پاكێج و هه‌ڵوێست بچینه‌ به‌غدا، تا بتوانین پێگه‌ى كورد به‌هێز بكه‌ین و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان كاربكه‌ین".

وتیشى "ئه‌نجامدانى ئه‌م دانوستان و كۆبوونه‌وانه‌ زۆر به‌ گرنگ ده‌زانین، چونكه‌ گه‌ره‌نتى یه‌كخستنى هه‌ڵوێستى كورد ده‌كه‌ن له‌ به‌غدا".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كگرتوو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كمان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تریش داده‌نیشین، بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ چه‌ند خاڵێك و له‌ به‌غدا یه‌ك هه‌ڵوێست بین.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى و سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین له‌ چوارچێوه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى هه‌رێم-دایه‌ به‌ مه‌به‌ستى یه‌كخستنى هه‌ڵوێستیان له‌ به‌غدا له‌كاتى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێدا كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 3ى ئه‌یلول، رێكاره‌كانى پێكهێنانى له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ فه‌رمانى فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق ده‌ستپێبكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure