شاندێکی یەکێتی سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 29/08/2018‌ :: 417‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ئەمڕۆ 29ی ئابی 2018 له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كانی یه‌كێتی بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، شاندێكی باڵای یه‌كێتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانی كرد.


پەیامنێری دواڕۆژ لە هەولێر رایگەیاند له‌و سه‌ردانه‌دا وه‌فده‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆبووته‌وه‌و بڕیاریشه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ بكرێت له‌باره‌ی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نی كوردی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیکەی عیراق.

وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێكهاتوون له‌ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشیتمانیی كوردستان.

دواڕۆژ زانیوێتی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و عیراق به‌رده‌وامیی ده‌بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و به‌شی كورد له‌و حكومه‌ته‌ و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure