یه‌كێتى: كۆبونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ گۆڕان و هاوپه‌یمانى و یه‌كگرتوو ئه‌رێنى بوو

هەواڵ / کوردستان :: 28/08/2018‌ :: 632‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی ئەرێنی بووەو رۆژی چوارشەمەش سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن.


دوای كۆبوونەوەی شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەهەولێر سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند "لە كۆبونەوەمان لەگەڵ یەكگرتوو داوامان لێكردن كە یەكگرتوو بەشداربێت لە داڕشتنەوەی ئەو پڕۆژەیەی یەكێتی و پارتی ئامادەیان كردووە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عێراق".

وتیشی "ئەو پڕۆژەیە داواكاری خەڵكی كوردستانە و دەكرێت جێپەنجەی یەكگرتووش دیاربێت و كات لەبەردەست ماوە و بۆیە پێمانراگەیاندن كە بەشداری بكەن لە دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەیاساكە".

ئەوەشی خستەڕوو "كۆبوونەوەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموكراسی و یەكگرتوو ئەرێنی بووە و سبەیش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبینەوە".

لایخۆشیەوە فەرهاد مەلا ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی وتی "فراكسیۆنەكانی ئێمە لەگەڵ گۆڕان، هاوپەیمانی و كۆمەڵ هاوپەیمانیمان هەیە و بۆیە پێمان باشە كۆبوونەوەی هاوبەش بكرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure