هه‌ڵه‌بجه‌: كاركردن له‌ 15 پرۆژەی گرنگدا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 28/08/2018‌ :: 865‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایكرد، لە دوای سەردانەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە بڕی زیاتر لە 11 ملیار دینار، كاركردن لە 15 پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە هەڵەبجە دەستیانپێكردوەتەوە.

عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ڕووی لە هەرێمی كودستان كردبوو ماوەی سێ‌ ساڵە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ‌ نەكراوە و زۆرێك لەو پڕۆژانەشی كە جێبەجێكرابوون كاركردن تیایاندا ڕاگیرابوو، بەڵام لە كاتی سەردانەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵەبجە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاردرا بە دابینكردنی بڕی 11 ملیار و 211 ملیۆن دیناركاركردن لە چەند پرۆژەیەكی گرنگ دەستپێبكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆی ئەو پرۆژانەی كە كاركردن تیایاندا دەست پێدەكاتەوە پێكدێن لە 15 پرۆژەی خزمەتگوزاری لەڕووی تەواوكردنی بینای سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە قیرتاوكردنی چەند گەڕەك و كۆلانێكی ناو شاری هەڵەبجە تەواوكردنی پرۆژەی ئاو ئاوەڕۆی چەند كۆڵانێكی هەڵەبجە هاوكات درێژەدان بە كاركردن لە ڕێگای ستراتیژی دوو سایدی هەڵەبجە سلێمانی.

پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی وت، بە تەواوكردنی ئەو پرۆژانە قۆناغێكی باش لە ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە دەچینە پێشەوە و گرفتی نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە زۆرێك لە كۆڵان و گەڕەكەكانی هەڵەبجە چارەسەر دەبن، بەڵام هێشتا هەڵەبجە پێویستی بە بودجە و پرۆژەی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزگایەكی نمونەیی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure