ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمشەوی یەكێتی و هاوپەیمانی

هەواڵ / کوردستان :: 27/08/2018‌ :: 580‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
لە دوای كۆبوونەوەی هەردوو وەفدی یەكێتی و هاوپەیمانی، بەرهەم ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بە میدیاكانی وت "كۆبوونەوەكە بۆ پێداگری هەموو لایەكمان بوو لەسەر یەكڕیزیی و  یەكهەڵوێستی، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، داكۆكیكردن لە مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان لە عێراق و لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌".

وتیشی "كاركردنی جددی بۆ دایەلۆگێكی نیشتمانی لە نێوان هێزە سەرەكییەكانی ئەم كوردستانە بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستوو، هەروەها فەراهەمكردنی كات و زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ببێتە مایەی دڵنەوایی خەڵكی كوردستان بۆ ئێستا و ئایندە".

بەرهەم ساڵح، ئاماژەی بەوەشدا، دەستخۆشی لە دەستپێشخەری برایانم لە یەكێتی دەكەم، هیوادارم ئەمە هەنگاوێك بێت بۆ بەهێزبوون و پەیوەندییەكانمان و هەروەها پەیوەندی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان.

باسی لەوەشكرد، بەڕای من دەبێ‌ كورد هەڵوێستی هاوسەنگ بێت و هەڵوێستی داكۆكیكردن بێت لەسەر جێبەجێكردنی دەستوری عێراق كە مافەكانی نەك تەنها خەڵكی كوردستان، بەڵكو پێكهاتەكانی تریشی تێدا زامن كراوە، هەوڵ بدەین پەند لە ئەزمونی رابردوو وەربگرین عێراق چیتر بەرگەی ئەو هەموو پشێویە ناگرێت، پێویستە كورد هۆكاری چارەسەركردنی كێشەكان بێت لەسەر بنەمای مافە دەستورییەكانی خۆی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانمان كرد تێبینی و سەرنجی زۆرمان هەیە لەسەر تۆماری دەنگدەران و رێكارەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دەبێت هەڵبژاردن ببێتە مایەی دڵنیابوونەوەی خەڵكی كوردستان، نەك ببێتە مایەی گومان و پرسیار و دوودڵی خەڵكی كوردستان، لەم روەوە كۆمەڵێك باس و خواسمان كرد سەرنجی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە، لەگەڵ پارتیش بەوردی گفتوگۆ دەكەین هیوادارین ئەم بابەتە نەبێتە ململانێی حزبی.

جەختیشی كردەوە "كوردستان بەرگەی ئەمەنە بێنە و بەردەیە ناگرێت، بەتایبەتی لەم هەلومەرجە دژوار و سەختەی رووبەڕوومان دەبێتەوە".

بەرهەم ساڵح، هێمای بۆ ئەوەشكرد "ئەم كۆبوونەوەیە بەلامانەوە گرنگە، پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی و هەموو هێزەكان بە گرنگ دەزانین، لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار پەیامی دیالۆگی نیشتمانیمان راگەیان كە مەبەستمانە لەگەڵ هەموو هێزەكان بە ئەجێندایەكی كراوە لەسەر بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك قسەبكەین، ئەم وڵاتە قەیران و كێشەی هەیە پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، تەئكید لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی گشتیگر دەكەینەوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان".

لای خۆیەوە حاكم قادر ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ لێکنزیکبوونەوەی نێوانمان و یەکڕیزی و یەکدەنگی بووە، بۆئەوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی هەبێت، کە کورد بە یەک دەنگ بچێتە بەغدا.


 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure