لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/08/2018‌ :: 1609‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لاهور شێخ جەنگی ئەمشەو دووشەممە پەیامێکی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت "پتەوبوونی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان "هه‌ڤاڵی ره‌حمه‌تیی مام جه‌لال و ره‌وانشاد نه‌وشیروان موسته‌فا بووه‌ و ئێمه‌ی وه‌فادارانی راستگۆی ئه‌و رێبازه‌، به‌ هه‌موو مانایه‌ك ده‌بێت پێوه‌ی پابه‌ند بین".

دەقی پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی:

خۆشحاڵیی خۆم ده‌رئه‌بڕم كه‌ ئه‌مڕۆ دوای دوو مانگ هه‌وڵی به‌رده‌وامی به‌نده‌ و پشتیوانیی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌شێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك)، سه‌رئه‌نجام پرۆسه‌ی گرنگی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌وته‌ سه‌ر پێ. و لێره‌وه‌ سوپاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌م كه‌ به‌ده‌م داواكه‌ی ئێمه‌وه‌ هاتن بۆ رێكخستنی ئه‌م دانیشتنه‌.

خۆم و هه‌ڤاڵانم باوه‌ڕومانوابووه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌ر نرخ و شێوازێك بێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرا، راست بكرێته‌وه‌. چونكه‌ له‌ پێگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی قۆناغه‌كه‌، گرنگیی مێژووی هاوبه‌ش، رۆح و خوێنی هاوبه‌ش، و ئه‌و دۆخه‌ی له‌ كوردستانی عێراق و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی سه‌وز ده‌گوزه‌رێت، ته‌نها و ته‌نها به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی ده‌توانرێ باری قورسی سه‌رشانی خه‌ڵك راستبكرێته‌وه‌ و ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌دی بێت.

بیریشمان نه‌چێت كه‌ ئه‌مه‌ داخوازیی هه‌ڤاڵی ره‌حمه‌تیی مام جه‌لال و ره‌وانشاد نه‌وشیروان موسته‌فا بووه‌ و ئێمه‌ی وه‌فادارانی راستگۆی ئه‌و رێبازه‌، به‌ هه‌موو مانایه‌ك ده‌بێت پێوه‌ی پابه‌ند بین.

به‌ هیوای ئه‌وه‌ی له‌ دوای ئه‌م دانیشتنه‌وه‌، پێكه‌وه‌ هه‌نگاوی هاوبه‌شی گه‌وره‌تر بنێین بۆ خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان و ئه‌م ناوچه‌یه‌.

 لاهور شێخ جه‌نگی
٢٧-٠٨-٢٠١٨



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure