قه‌شه‌ و لیره‌.. (فێڵه‌ دۆزه‌خییه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان!)

هەواڵ / ئابوری :: 28/08/2018‌ :: 3491‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌و ناونیشانه‌ى سه‌ره‌وه‌ كراوه‌ته‌ مانشێتى چه‌ند بڵاوكراوه‌ و سایتێك بۆ لێكدانه‌وه‌ى دوا لێدوانى كه‌مال كیلیجدار ئۆغڵو-ى سه‌رۆكى پارتى گه‌لى كۆماریى ئۆپۆزیسیۆنى توركیا، كه‌ پێیوایه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا پرسى ئه‌ندرۆ برانسۆن-ى قه‌شه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ى قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌ شكستخواردووه‌ ئابورییه‌كانى و ئه‌و داڕمانه‌ بێوێنه‌یه‌ى كه‌ لیره‌ى توركى له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت.


كیلیجدار ئۆغڵو ده‌ڵێت "ئه‌ردۆغان رێوشوێنى پێویستى په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌ بۆ رێگرتن له‌ هه‌ره‌سهێنانى دراوى توركیا له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا، كه‌ له‌ هه‌فتانه‌ى رابردوودا به‌ رێژه‌ى 40% دابه‌زى".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش روونده‌كاته‌وه‌، پێشتر رۆژنامه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌یان نووسیووه‌ و ئابوریناسانیش لاى خۆیانه‌وه‌ هۆشداریى ئه‌م مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌یه‌یان داوه‌ "ئه‌ى بۆچى ئه‌ردۆغان پێش دوومانگ هیچ رێوشوێنێكى نه‌گرته‌به‌ر؟ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا بڕیارى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى دا بۆ ئه‌وه‌ى خۆى له‌و باره‌ گلاوه‌ ئابورییه‌ بپارێزێت و بیانوو و پاساوى دیكه‌ى بۆ بێنێته‌وه‌". "بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌ردۆغان ده‌یكات ته‌نیا بۆ شاردنه‌وه‌ى شكسته‌ ئابورییه‌كه‌یه‌تى و ده‌یه‌وێت كێشه‌ى قه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بكاته‌ بیانوویه‌ك بۆ قه‌یرانه‌كه‌".

سه‌ركرده‌ نه‌یاره‌كه‌ى توركیا ئه‌وه‌یش ئاشكرا ده‌كات "ئه‌و قه‌رزانه‌ى كه‌ ده‌بێت توركیا له‌ ماوه‌ى ته‌نیا ساڵێكدا بیانداته‌وه‌ خۆى ده‌دات له‌ نزیكه‌ى 240 ملیار دۆلار. ئه‌میش بێپلانى و شكسته‌ ئابورى و داراییه‌كانى ئه‌ردۆغان ده‌سه‌لمێنێت".

پاشان ده‌پرسێت "ئایا له‌وباوه‌ڕه‌دان به‌هاى لیره‌ به‌رزببێته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا وه‌ك جارانى لێبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێتوو قه‌شه‌ برانسۆن ئازاد بكرێت؟ ئایا ئازادكردنى قه‌شه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زین و كه‌مبوونه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى سه‌ر توركیا؟". هه‌ر خۆیشى وه‌ڵامێكى نه‌رێنیى ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌داته‌وه‌.

كه‌مال كیلیجدار ئۆغڵو ده‌ڵێت "ئه‌م حكومه‌ته‌ى ئێستاى توركیا، هه‌ڵه‌شه‌ترین و په‌شێوترین حكومه‌تى مێژووى توركیایه‌ و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریى خراپ بۆ ئه‌و حكومه‌تانه‌یش جێدێڵێت كه‌ له‌داهاتوودا ده‌بنه‌ حوكمڕانى وڵات. چونكه‌ له‌ڕاستیدا ئێمه‌ گیرۆده‌ى قه‌یرانى سیاسیین كه‌ لێكه‌وته‌ و كاردانه‌وه‌ى بۆ سه‌ر ئابورى و دراوى خۆمان و بیانییش هه‌یه‌. توركیا له‌سه‌رده‌مى ئه‌ردۆغان-دا بووه‌ته‌ ده‌وڵه‌تێكى ته‌واو حزبى و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان خراونه‌ته‌ ده‌ستى تاقه‌ كه‌سێكه‌وه‌".

كیلیجدار ئۆغڵو، پرسى قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌یش به‌ ده‌ره‌نجامێكى نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتى یاسا داده‌نێت و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن ئه‌وا كێشه‌ى دیكه‌ى دیپلۆماسى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى تریشدا دروست ده‌بێت". لێره‌وه‌ باس له‌و كێشه‌ دیپلۆماسیانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ نێوان توركیا له‌لایه‌ك و ده‌وڵه‌تانى وه‌ك ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا و یۆنان، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جیا له‌لایه‌كى تره‌وه‌ دروست بووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى كه‌سانى بیانى له‌لایه‌ن توركیاوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "توركیا رۆژنامه‌نووسێكى ئه‌ڵمانى - توركی ئازاد كرد، كه‌ به‌سیخوڕیكردن تۆمه‌تبار بوو، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر داوایه‌كى ئه‌نگێلا مێركڵ-ى راوێژكارى ئه‌ڵمانیا. به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌سه‌ر داواى ئیمانوێل ماكرۆن، دوو هاووڵاتیى فره‌نسى ئازادكردووه‌. هه‌روه‌ها دوو سه‌ربازى یۆنانییش". 

سه‌رۆكى پارتى گه‌لى كۆماریى توركیا ده‌ڵێت "ئه‌م ره‌فتارانه‌ى توركیا، كه‌ سه‌ره‌تا تۆمه‌تى مه‌ترسیدار ده‌خاته‌ پاڵ كه‌سانى بیانى و دواییش ئازادیان ده‌كات، ده‌بنه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره‌ نه‌توانێت قه‌ناعه‌ت لاى وڵاتانى تر دروست بكات به‌وه‌ى كه‌ توركیا ده‌وڵه‌تى یاسایه‌ و یاسا تێیدا سه‌روه‌ر و باڵاده‌سته‌، هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ تره‌مپ-ى مكوڕ كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێت قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ئازاد بكرێت".

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure