مەرزی کێلێ داخرا

هەواڵ / ئابوری :: 27/08/2018‌ :: 1579‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئاب، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لە نێوان یەکەیەکی پاسەوانی هەرێم و پاسەوانی مەرزی ئێران، مەرزی کێلێ لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخرا .


جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەیەکی پاسەوانی سنوری هەرێم ویستویانە لە مەرزی کێلێ و لەسەر هێڵی سنوری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژورێک دروستبکەن، بەڵام یەکەی پاسەوانی مەرزی ئێران، بەم کارە ڕازی نەبووە و هێزێکی زۆری کۆکردووەتەوە .

وتیشی "هەرچەندە ئەو کارەی یەکە پاسەوانییەکەی هەرێم لە چوارچێوەی خاکی باشوری هەرێمی کوردستاندا بووە، بەڵام یەکەی پاسەوانی مەرزی ئێران ڕێگری لەو کارە کردووە و ئەگەری دروستبوونی گرژی لەنێوان هەردوولا لە ئارادا بووە".

باسی لەوەشکرد، بۆ مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و چارەسەری ئەو کێشەیە بە بڕیاری بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە ئێستادا مەرزی کێلێ داخراوە.

جەوهەر رەسوڵ راشیگەیاند، گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستیپێکردووە تا یەکلایکردنەوەی دۆخەکە مەرزەکە ناکرێتەوە.

مەرزی کێلێ کە دەکەوێتە قەزای پشدەر ماوەی 7 ساڵە هەوڵ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی دەدرێت، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی نەناسێنراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure