داڕمانى لیره‌ بازاڕى ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی تورکیا روبەڕووی داخستن دەکاتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 27/08/2018‌ :: 638‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌هۆى داڕمانى به‌هاى لیره‌ى توركی به‌رامبه‌ر دۆلار، بازرگانانى ئامێره‌ ئه‌لیكترونییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن به‌هۆى ئه‌وه‌ى هاورده‌ به‌ دۆلار ده‌كه‌ن، رووبه‌رووى قه‌یرانى گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وەو زیانى زۆر ده‌كه‌ن و ناتواتن بژێوى ژیانیان دابین بكه‌ن.

ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌ ریزبه‌ندى سه‌ره‌وه‌ى ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌دایه‌، كه‌ به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ به‌رامبه‌ر دۆلار پاشه‌كشه‌ى زۆرى كردوه‌، نرخه‌كه‌ى له‌ بازاڕدا به‌رێژه‌ى 50% به‌رزبووه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى بازرگانانى ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌شارى ئه‌زمیر باسى ده‌كه‌ن.

ئه‌حه‌مه‌د ئاجار بازرگانێكه‌ كه‌ ماوه‌ى 20 ساڵه‌ له‌ بوارى ئامێرى ئه‌لیكترۆنى كارده‌كات، ده‌ڵێت "بارودۆخمان رۆژ له‌دوى رۆژى خراپتر ده‌بێت و چیتر به‌رگه‌ى بارودۆخه‌كه‌ ناگرین".

ئاجار ده‌ڵێت "توركیا ساڵانه‌ نزیكه‌ى 12 ملیۆن ئامێرى مۆبایل له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ده‌كات، پێشتر مۆبایلێك به‌ 300 لیره‌ ده‌فرۆشرا، به‌ڵام ئێستا به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 500 لیره‌، داهاتمان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى راربردوو كه‌میكردوه‌، پارساڵ رۆژانه‌ 150 - 200 لیره‌مان ده‌ستده‌كه‌وت، به‌ڵام ئیستا بووه‌ به‌ 70 - 100 لیره‌".

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داواى له‌ هاووڵاتیانى وڵاته‌كه‌ى كرد، بایكۆتى به‌رهه‌مى پیشه‌سازیی ئه‌مریكا بكه‌ن و مۆبایلى ئایفۆن به‌كارنه‌هێنن و بیگۆڕن به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆیی یان كۆرى.

ئۆرهان سونماز، بارزگانێكى دیكه‌یه‌، كه‌ ماوه‌ى 10 ساڵه‌ له‌و بوارە كارده‌كات، ده‌ڵێت "ساڵى رابردوو بارودۆخ زۆر باشتر بوو، به‌هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار بارودۆخمان زۆر خراپه‌، پارساڵ رێژه‌ى قازانج 20% بوو، به‌ڵام ئێستا 1%یە، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ پاره‌ى ئاو كاره‌با و غاز به‌رێژه‌ى 50% به‌رزبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ناتوانین خه‌رجییه‌كانمان دابین بكه‌ین، ناچارین دوكانه‌كانمان دابخه‌ین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure