شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ هەڕەشە لە لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 27/08/2018‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
تائێستا پۆسته‌ر و ریكلامی ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌چه‌ند شوێنێكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ لێنه‌كراوه‌نه‌ته‌وه‌و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ش هۆشداری دەداتە لاینەکان و دەڵێت "خۆمان پۆسته‌ره‌كان لێده‌كه‌ینه‌وه‌‌، ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بن به‌و سزایه‌ی بۆیان دیاری ده‌كرێت پێده‌چێت رێگه‌یان نه‌ده‌ین پۆسته‌ری نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبواسن".


كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆتایى هاتووه‌، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پابه‌ندنه‌بوون به‌و مه‌رجانه‌ى كه‌ پێش بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆمان دانابوون، بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ ناچارى سكاڵاى یاسایمان له‌سه‌ریان تۆماركردووه‌".

وتیشی "له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقه‌وه‌ پێمانڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ كارمه‌نده‌كانى خۆمان وه‌ك شاره‌وانی هه‌ستن به‌ لێكردنه‌وه‌ى پاشماوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، له‌به‌رامبه‌ریشدا سزاى مادى به‌سه‌ر ئه‌و  كاندید و لایه‌نانه‌دا بسه‌پێنرێت كه‌ سه‌رپێچى یاساییان کردووە، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شى كه‌ له‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ وه‌رده‌گرێت ده‌درێته‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ لێكردنه‌وه‌ى وێنه‌ی ریكلام و پۆسته‌ره‌كان".   

ئەوەشی خستەڕوو "بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ وابڕیاره‌ 30/9/2018 به‌ڕێوه‌ بچێت و ڕۆژى 5/9/2018 ده‌ستبكرێت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، شێوازێكی نوێ ده‌گرینه‌به‌ر به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى پابه‌ندى رێنماییه‌كان بن، پێده‌چێت رێگه‌ش نه‌ده‌ین به‌هیچ لایه‌نێك پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبواسێت تا ئه‌و كاته‌ى گه‌ره‌نتیمان نه‌داتێ به‌ پابه‌ندبوونى به‌ ڕێنماییه‌كان و سزا مادییه‌كان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە