باشماخ... شۆفێرێكی ئێرانی دەدرێتە دادگا

هەواڵ / ئابوری :: 27/08/2018‌ :: 9996‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
شۆفێرێكی ئێرانی كە تەنكەرێكی سوتەمەنی پێبووە، لەناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەهۆی هەوڵدان بۆ فێڵكردن لەكارمەندانی بنكەی پشكنینی سوتەمەنی باشماخ، لەلایەن بنكەكەوە دەدرێتە دادگا.
 

بەپێی نووسراوێكی تاقیگەی پشكنینی سوتەمەنی باشماخ، كە وێنەیەكی ئەمشەو تایبەت دراوەتە دواڕۆژ و واژووی ئەندازیار عومەر ئەحمەد محەمەدی لێپرسراوی تاقیگەكەی لەسەرە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ كراوە، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، "دوای ئەوەی رۆژی 25ی ئاب، تەنكەرێكی ئێرانی بەژمارە (67596) ئێرانی كە باری بەنزینی كۆمپانیای ( نینكاسی ) باركردبوو، لەئەنجامی وەرگرتنی پشكنین دەركەوت كە ئەو تەنكەرە، یەكێك لەچاوەكانی كە چاوی ناوەڕاستە گازوێلی تێدایە لەبری بەنزین، پاش پشكنین كە گازەكە خراپە بۆ بەكارهێنان بەپێی خەسڵەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم".

هاوكات روونیشیكراوەتە "وەك شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە دەبەیەك بەنزینی هەڵواسیوە لەچاوی دووەمی تەنكەرەكە، كە گازی تێدابووە، هەوڵیداوە نموونە لەو دەبەیە تێبكات، بەڵام لەلایەن كارمەندێكی تاقگەكەمانەوە توانراوە دەستگیر بكرێت".

بەپێی نووسراوەكە داوا لەبەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی باشماخیش كراوە، تا كاری یاسایی و پێویستی لەگەڵدا بكرێت و دواتریش لەئەنجامەكەی ئاگاداربكرێینەوە.

لایخۆشیەوە، ئەندازیار عومەر ئەحمەد محەمەدی، لێپرسراوی بنكەی پشكنینی سوتەمەنی باشماخ، بۆ دواڕۆژ، وتی "وەك تاقیگەی باشماخ، شۆفێری ئەو تەنكەرە كە ئێرانیە، دەدەینە دادگای گومرگی باشماخ، چونكە ویستبووی كاری ساختەكاری ئەنجام بدات، بەڵام لەبەر چاوكراوەی كارمەندەكانمان و دڵسۆزیان بۆ كارەكەیان، توانیان ساختەكاریەكە ئاشكرا بكەن و شۆفێرەكەش بدەینە دادگا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure