باشماخ؛ ئه‌مساڵ هاتنى گەشتیاری ئێرانی به‌رێژه‌ى 45% كه‌میكردوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 26/08/2018‌ :: 811‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
لەرۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، پێچەوانەی جەژنی قوربانی دوو ساڵی رابردوو، زۆرترین گەشتیار لەهەرێمی كوردستانەوە و لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە سەردانی وڵاتی ئێرانیان كردوە، لەبەرامبەریشدا كەمترین گەشتیاری ئێرانی و شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ئەم جەژنە هاتونەتە خاكی هەرێمەوە.


بەپێی ئامارێكی بنكەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كە وێنەیەكی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، تیایدا هاتووە "لەماوەی رۆژانی 19/8 بۆ 25/8/2018، له‌ ده‌روازه‌كه‌وه‌ 12 هەزار و 202 گەشتیار لەهەرێمی كوردستانەوە، روویان لەكۆماری ئیسلامی ئێران كردوە، هاوكات بەپێی ئامارەكە، هاتنی گەشتیارانی ئێرانیش تەنیا 9 هەزار و 987 گەشتیار بووە لەو ماوەیەدا".

ئەوەش خراوەتەڕوو "زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی هەرێم بۆ ئێران، هۆكارەكەی گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەو قەیرانەی كە لەئێستادا ڕووبەڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆتەوە، ئەمەش وایكردووە كە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گەشتیاری زیاتر ڕوو لەو وڵاتە بكەن".

بەپێی ئامارە تایبەتەكە، ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی لەجەژنی قوربانی ساڵی 2017 بۆ هەرێمی كوردستان، نزیكەی 16 هەزار گەشتیار بووە و شەش هەزار گەشتیاری هەرێمیش چوونەتە وڵاتی ئێران.

هەروەها لەجەژنی قوربانی ساڵی 2016، لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، نۆ هەزار گەشتیاری ئێرانی هاتوونەتە خاكی هەرێم و 10 هەزار گەشتیاری هەرێمیش چوونەتە وڵاتی ئێران.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە