"داواكانی كورد و سوننه‌ پاڵ به‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ده‌نێت گه‌وره‌ترین كوتله‌ پێكبهێنن"

هەواڵ / عێراق :: 27/08/2018‌ :: 257‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكی ئه‌مڕۆیدا ئاشكرایده‌كات، سوربوونی كورد و سوننه‌كان له‌سه‌ر داواكانیان، پاڵ به‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ده‌نێت پێكه‌وه‌ یه‌كبگرن و به‌بێ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیی پێكبهێنن و حكۆمه‌ت رابگه‌یه‌نن. 

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ سوننه‌ و كورده‌كان له‌سوربوونی خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان و مه‌رجه‌كانیان به‌رده‌وامن، بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانیان بۆ به‌دیبهێنرێت، ئاماده‌ده‌بن بچنه‌ پاڵ لایه‌نێكی شیعه‌ و گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی پێكبهێنن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، دكتۆر سه‌ڵاحه‌دین ئه‌لعه‌ره‌باوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ته‌یاری حیكمه‌، به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، هه‌ڵوێسته‌كانی سوننه‌ و كورد پاڵ به‌ هێزه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ده‌نێت جارێكی دیكه‌ پێكه‌وه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ پێكبهێنن، به‌بێ بوونی دولو ایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌. 

عه‌ره‌باوی ئاماژه‌ی جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ "كه‌لله‌ڕه‌قی كورد و سوننه‌، هه‌لی نیشتیمانییان له‌ده‌ستده‌دات". 

ده‌ڵێت "شیعه‌كان ده‌توانن گه‌وره‌تین كوتله‌ و به‌هێزترین به‌ره‌ پێكه‌وه‌ دروستبكه‌ن"

ناوبراو ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ تاوه‌كو ئێستا، كورد و سوننه‌كان كاتیان له‌به‌رده‌ستدا ماوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی لۆجیكی بیربكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانه‌كه‌. 

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سوننه‌ و كوردیش به‌شداری حكومه‌ت نه‌بن، ئه‌وا ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌مینه‌ شیعانه‌ی دیكه‌ یه‌كبگرن و ئۆپۆزسیۆن دروستبكه‌ن. 

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌كانی نه‌سر و فه‌تح و سائیرون كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی یه‌كگرتنیان و دروستكردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیی. 

سۆمه‌ره‌ نیوز، ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 26ی ئاب، له‌زاری عه‌لی سه‌نید ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نه‌سر بڵاویكرده‌وه‌ هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی فه‌تح ئاره‌زووی چوونه‌ پاڵ سائیرون و نه‌سریان ده‌ربڕیوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure