بۆچى كورد ناچێته‌ هاوپه‌یمانێتى فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌وە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/08/2018‌ :: 288‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانى هه‌ڵبژاردن و ره‌زامه‌ندى دادگاى فیدراڵى له‌سه‌ر ئه‌ندامانى خولى نوێ و نزیكبوونه‌وه‌ى كاتى بانگكردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بۆ دانیشتنى یه‌كه‌مى خولى چواره‌م، به‌غداى پایته‌خت جموجوڵێكى سیاسى چڕوپڕ له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت بۆ پێكهێنانى فراكسیۆنه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ى په‌رله‌مان كه‌ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌تى نوێى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.


له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونى جموجوڵه‌ سیاسییه‌كه‌ و دابه‌شبوونى لایه‌نه‌كان، هێشتا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵوێستى خۆیان یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى بنیاتنانى فراكسیۆنه‌ هه‌رە گه‌وره‌كه‌دا كه‌ به‌بڕواى چاودێران هه‌موو كێشمه‌كێش و جوڵه‌ سیاسییه‌كه‌ به‌بێ بوونى كورد به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ش پرسیار ده‌ورووژێنێت كه‌ ئایا مه‌رجى كورد چییه‌ بۆ به‌شداریكردنى لە فراكسیۆنه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ و پێكهێنانى حكومه‌تی ئاینده‌؟

به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى لە پەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژى راگه‌یاند "فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هیچ هێڵێكى سوریان نییه‌ له‌سه‌ر هیچ كه‌س و لایه‌نێكى سیاسى، له‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ پێكهێنانى حكومه‌تى ئاینده‌".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "كورد هه‌ندێك مه‌رجى هه‌یه‌، هه‌ر لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ك ئه‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێبكات، ئه‌وا كورد هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵدا ده‌كات، مه‌رجه‌كانیش داواكارى ده‌ستوریین، وه‌ك شایسته‌كانى پێشمه‌رگه‌، ئاساییكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌تى كه‌ركوك، پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق كه‌ بریتییه‌ له‌ 17% وه‌ك هه‌موو ساڵانى رابردوو، به‌شدارى پێكردنى راسته‌قینه‌ له‌ بڕیارى به‌غدا، باشكردنى بارودۆخى ئابوورى هه‌رێم و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران".

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتارى پێشووى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "كورد هیچ مه‌رجێكى نییه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ مافى ده‌ستورى هه‌یه‌، گه‌ره‌نتى ده‌ستهێنانى ئه‌و مافانه‌ش جێبه‌جێكردنى ده‌ستووره‌، به‌ گیانێكى یاساییه‌وه‌، نه‌ك بینین و میزاجى سیاسى، ئه‌وه‌ش له‌ گفتوگۆكانیدا ده‌خاته‌ڕوو، هه‌ر لایه‌نێك گه‌ره‌نتى جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور بدات به‌گیانێكى یاساییه‌وه‌ ئه‌وا له‌ كورده‌وه‌ نزیكه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئۆپۆزسیۆن بوونى كورد له‌ ئاینده‌دا، ئه‌شواق جاف وتى "هه‌موو رووداوێك قسه‌ى خۆى هه‌یه‌، دیاریكردنى هه‌ڵوێستى كورد به‌پێى ئه‌و خاڵ و به‌رنامانه‌ى حكومه‌تى ئایندە ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كورد هێشتا نه‌چووه‌ته‌ دانوستانى پێكهێنانى فراكسیۆنه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌وه‌، ئه‌شواق جاف پێداگرى له‌ یه‌كخستنى نێوماڵى كورد كرده‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى بچنه‌ به‌غدا، پێشبینى ئه‌وه‌شى كرد، هاوپه‌یمانى كوردستانى دروستبكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ خولى دووه‌مى په‌رله‌ماندا كارى پێده‌كرا.

روونیشیكرده‌وه‌ "تائێستا رۆیشتنى كورد به‌یه‌كگرتووى یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌،  تائێستاش هه‌ر دانوستانه‌كان به‌رده‌وامن له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كاندا، كاتێكیش ئه‌و دانوستانانه‌ ته‌واو ده‌بن، وێنه‌كه‌ روونترده‌بێته‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure