"بەجێبەجێكردنی 4 ماستەرپلان كوردستان دەچێتە ئاستی گەشتیاریی جیهانییەوە"

هەواڵ / ئابوری :: 25/08/2018‌ :: 1741‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
هەرێمی كوردستان چوار ماستەر پلانی گەشتیاريی دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمیش رایدەگەیەنێت "تاساڵی 2025 ژمارەی گەشتیاران دەگەیەننە 7 ملیۆن گەشتیار لە یەك ساڵدا".


نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لەبەرنامەی (مژاری كۆمەڵگەی رادیۆی دواڕۆژ)، باسی لەوەکرد "بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری پلانی ستراتیژیمان هەیە تا ساڵی 2025 رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ 7 ملیۆن گەشتیار بەرزبكەینەوە".

بەوتەی رۆستی "داهاتی گەشتیاری بۆ بازاڕەكان بۆ نزیكەی دوو ملیار دۆلار زیاد دەكەن، ئەمەش 10 تەوەری جیاجیا لەخۆدەگرێت، بەتایبەت لایەنی یاسایی و بازاڕ، كەرتی تایبەت، هەروەها زیاتر لە 67 پرۆژە دیزاینی بۆ كراوە".

نادر رۆستی دەڵێت "چوار ماستەر پلانی ستراتیژی پڕۆژەی گەشتیاری هەیە كە لە ئاستی جیهانیدان، وەك ماستەر پلانەكانی (سەر بەنداوی دوكان، چیای سەفین، بەنداوی دهۆك و چیای زاوا) کە پێوستە حكومەت پاڵپشتیان بكات تا جێبەجێبكرێن، بەمەش دەگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو لە كەرتی گەشتیاریدا". 

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وتیشی "تا رۆژی 22ی ئاب 181 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كە 90%ی هاووڵاتی ناوەڕاست و باشوری عێراقن، کە هەر گەشتیارێك نزیكەی 250 دۆلاری خەرج كردووە، ستراتیژی ئێمەش ئەوەیە پێش بۆنە و جەژنەكان ئامادەكاری پێویست بكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان تا داهاتی گەشتیاری زیاتر بێت". 

رۆستی ئەوەشی خستەڕوو "وەكو دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ هێنانی گروپی گەشتیاری هەماهەنگی تەواومان كردووە، لەڕووی ئوتێل و خزمەتگوزاری و ئەمنییەوە هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە".

دەشڵێت "نەمانی داعش وای كرد كە هاتنی گەشتیار بە پاس و ئوتۆمبێلی تایبەت روو لەزیاد بوون بكات، لە ساڵانی رابردوو زۆربەی ئوتێلەكان دەرگاكانیان داخست و كارمەندەكانیان ناردەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام جێگیربوونی دۆخی ئەمنی و ئەو پلانە گەشتیارییەی كە داماننا وای كرد تەنانەت لە بەشێك لە ئوتێلەكان شوێنی مانەوە دەست نەكەوێت، بۆیە دۆخی گەشتیاری وەكو پێش شەڕی داعشی لێهاتەوە، بەڵام كەمی نرخی ئوتێل و گروپی گەشتیاری-یش هۆكار بوو، بەوپێیەی زۆرترین پاسی گەشتیاری هاتوون".

لەبارەی نەبوونی شوێنی مانەوە لەشوێنە گەشتیارییەكان بۆ گەشتیاری بیانی، نادر رۆستی ئەوەشی وت "دەكرێت هاوڵاتییانی ئێمە لەكاتی بۆنە و ئاهەنگەكان سەردانی ئەو شوێنە گەشتیارانە نەكەن بۆ ئەوەی شوێن بۆ گەشتیاری بیانی هەبێت، جگە لەوە داوا لەو هاوڵاتییانە دەكەین كە زەوی و باخیان لەنزیك ئاو و رووبارەكاندا هەیە دەتوانن بە كەمێك خزمەتگوزارییەوە بیكەنە شوێنێكی گەشتیاری، بەشێكی زۆری شوێنە گەشتیارییەكانی چۆمان و وەرتێ و گەلی شێران زەوی خەڵك بوو، ئێستا كردویانە بە شوێنی گەشتیاریی".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە