ژماره‌یه‌كى دیكه‌ى زیندانیان به‌ لێبوردنى گشتى ئازاد ده‌كرێن

هەواڵ / کوردستان :: 25/08/2018‌ :: 940‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ له‌ماوه‌ى داهاتوودا قۆناغى دووه‌مى جێبه‌جێكردنى یاساى لێبوردنى گشتى ده‌ستپێبكات و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ زیندانیان ئازاد بكرێن.


یاساى لێبوردنى گشتی ژماره‌ى 4ى ساڵى 2017 كه‌ له‌ 17ى كانونى یه‌كه‌مى پارساڵ په‌سه‌ندكرا، له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2018 چووەته‌ بوارى جێبه‌جێكردنەوە و له‌ماوه‌ى 8 مانگدا زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س به‌ یاساكه ئازادكراون، به‌پێى ئاماره‌كانیش تاوه‌كو ئێستا لە پارێزگای هەولێر 610 زیندانى، له‌ سلێمانى 744، له‌ دهۆك 481 کەس دۆسیه‌كانیان یەكلایی كراوەتەوە و به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وتوون و ئازادكراون، وابڕیاریشه‌ له‌ قۆناغى دووه‌مدا ژماره‌یه‌كى دیكه‌ى زیندانى ئازادبكرێن.

به‌پێى یاساى لێبوردنى گشتى له‌ قۆناغى دووه‌مدا كه‌یسى ئه‌و كه‌سانه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سپێردراون به‌ زیندانه‌كانى چاكسازى و ئاشته‌وایى له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانیان و بەشێکی حوکمی زیندانیەکەیان بەسەربردوە و رەفتار و خوو و رەوشتیان بەرەو باشی رۆیشتوە.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، دوای تەواوبونی قۆناغی یەکەمی یاسای لێبوردنی گشتیى، قۆناغی دووەمی یاساکە لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە ئه‌نجامده‌درێت، کاروباری رێککەوتن و لێخۆشبون بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە لەچاکسازییەکاندان و یاساکە دەیانگرێتەوە.

ئاشكراشیكرد، ئه‌مجاره‌ ئەو زیندانییانە دەگرێتەوە کە لەچاکسازییەکاندا، بەشێکی حوکمی زیندانییەکانیان بەسەربردوە و رەفتار و خوو و رەوشتیان بەرەو باشی رۆیشتوە، ئه‌وه‌ش به‌پێى یاسایەکی تایبەت ده‌بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure