گه‌شتوگوزارى سلێمانى: تا ئێستاش هۆتێل و مۆتێله‌كان پڕن له‌ گه‌شتیار

هەواڵ / ئابوری :: 25/08/2018‌ :: 470‌ جار بینراوە
هۆتێل ئاشور له‌ دوكان فۆتۆ: حه‌مه‌سور

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ رۆژانى پێش جه‌ژن تائه‌مڕۆ رێژه‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاكه‌یان كردووه‌ و هۆتێل و مۆتێله‌كان جمه‌یان دێت، ده‌شڵێت "100% پلانه‌كه‌مان سه‌ركه‌وتوو بوو".


عه‌لى ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت "ئه‌و پلانه‌ى دانرابوو له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان و قائیمقامیه‌ته‌كان و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان و تیمه‌كانى ته‌ندروستى و هاتووچۆ و پۆلیس 100% سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، گه‌شتیارانیش به‌بێ بوونى هیچ گرفتێك كاته‌كانیان به‌سه‌ربردووه‌".

وتیشى "ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌تى خنكانى گه‌شتیارێكى عه‌ره‌ب هه‌بووه‌، ئه‌ویش كاتژمێر 3:00ى شه‌و كه‌سه‌كه‌ خۆى چووه‌ له‌ ئاوى دوكان مه‌له‌ى كردووه‌ و بۆته‌هۆى خنكانى".

عه‌لى ره‌ئوف، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ده‌بێت رۆڵى ئاسایشى بازگه‌كان زۆر به‌رز بنرخێنین كه‌ له‌ رۆژانى پێش جه‌ژنه‌وه‌ تائێستا له‌ پێشوازى گه‌شتیاربوون و زۆر ماندووبوون، تیمه‌كانى ئێمه‌ش له‌و چه‌ند رۆژه‌دا پێشوازییان له‌ گه‌شتیاران كردووه‌ و رێنماییان كردوون و نه‌خشه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌شكردوون، هه‌روه‌ها سه‌نته‌رێكى زانیارى 24 كاتژمێریمان هه‌بوو بۆ زانیارى به‌خشین به‌ گه‌شتیاران".

باسى له‌وه‌شكرد "له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى سه‌رجه‌م هۆتێل و مۆتێل و رێستۆرانته‌كان كراوه‌بوون و ئێستاش جمه‌ى دێت، له‌ كۆى 98 شوێنكار ته‌نیا شه‌ش شوێن پابه‌ندنه‌بوون به‌كردنه‌وه‌وە، بۆیه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین".

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ژماره‌یه‌كى زۆر و به‌رچاو گه‌شتیار روویان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى كردووه‌ كه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا ئاماره‌كان ئاشكراده‌كه‌ین".

هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "به‌پێى ئه‌و هه‌مانگییه‌ى هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ مۆڵه‌كان، له‌ یه‌كه‌م رۆژى جه‌ژنه‌وه‌ تا دوێنێ زیاتر له‌ 200 هه‌زار گه‌شتیار و هاوڵاتى ناوخۆ سه‌ردانى ئه‌و دوو مۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ى سلێمانیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ى خۆشحاڵیه‌".

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رى هاتنى رێژه‌ى زۆرى گه‌شتیاران له‌سه‌ر بازاڕ، عه‌لى ره‌ئوف، وتى "بازاڕ و مۆتێل و هۆتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان جمه‌یان هاتووه‌ له‌ گه‌شتیار، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر شۆفێرى ته‌كسى و خه‌ڵكى كاسبكارى ناو بازاڕ و بوژانه‌وه‌ى ئابورى هه‌یه‌ و مایه‌ى خۆشحاڵیمانه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure