"كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى" له‌ گوندێكى خانه‌قین روویدا

هەواڵ / کوردستان :: 24/08/2018‌ :: 876‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ گوندێكى كوردنیشینى سنورى شارۆچكه‌ى خانه‌قین بۆمبێكى چێندراو ته‌قییه‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ هاوڵاتییه‌ك برینداربوو، به‌ وته‌ى پۆلیس-یش كرده‌وه‌كه‌ تیرۆریستییه‌. 


عه‌قید دیار شه‌وكه‌ت، به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "كاتژمێر 6:30 خوله‌كى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ گوندى جه‌میل به‌گى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى خانه‌قین بۆمبێكى چێندراو به‌ هاوڵاتییه‌كى ئه‌و گونده‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ برینداربووه‌". 

وتیشى "هاوڵاتییه‌کە به‌ره‌چه‌ڵه‌ك كورده‌ به‌ ناوى "مه‌حموود محه‌ممه‌د"، ته‌مه‌نى 66 ساڵه‌ و خانه‌نیشینكراوه‌. له‌ كاتێكدا له‌ ناو گونده‌كه‌ى خۆیان له‌ ئۆتۆمبێلێكدا دابه‌زیوه‌ ئه‌و بۆمبه‌ى پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌". 

 به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین  ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ته‌قاندنه‌وه‌ى ئه‌و بۆمبه‌ كرده‌وه‌ى تیرۆریستییه‌. به‌ پێى زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى داعش-ه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، چونكه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ گونده‌ كوردییه‌كانى سنووره‌كه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كرده‌وه‌ى تیرۆریستى. 
 
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌و هاوڵاتییه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌ى كه‌ بۆمبه‌كه‌ى پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌ستى چه‌پ و قاچى راستیدا برینداربووه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ى له‌ ژێر چاوێرى پزیشكدایه‌ و بارى ته‌ندروستى تاڕده‌یه‌ك جێگیره‌". 

له‌ دواى روخانى رژێمى به‌عس-ه‌وه‌، خانه‌قین و گونده‌ كوردییه‌كانى سنورى خانه‌قین ناوچه‌یه‌كى ئارام و بێ كێشه‌ بوون، به‌ڵام له‌ دواى كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، ته‌قینه‌وه‌ و كرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ گونده‌ كوردییه‌كان ئه‌نجامده‌درێن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ند گوندێك چۆڵ بوون. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure