رۆبۆته‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى روسیا جیهانى خستووه‌ته‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌

هەواڵ / جیهان :: 24/08/2018‌ :: 16715‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
كۆمپانیایه‌كى دیارى روسى بۆ دروستكردنى چه‌ك، له‌م دواییانه‌دا رۆبۆتێكى سەربازی نمایشکرد كه‌ درێژییه‌كه‌ى 40 مه‌تر زیاتره‌ و ئەمەش جیهانی خستووەتە دڵه‌ڕاوكێوه‌.


به‌پێى هه‌واڵێكى ئاژانسى هه‌واڵى فۆكس نیوز، ئه‌و رۆبۆته‌ ئاڵتونییه‌، به‌رگرى گوللـه‌ده‌كات و به‌رهه‌مى كۆمپانیاى (كڵاشینكۆف)ه‌ و په‌ره‌یپێدراوه‌، له‌ پێشانگایه‌كى سه‌ربازى تایبه‌تدا له‌ ده‌وروبه‌رى مۆسكۆ نمایشكراوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى ئاژانسه‌كه‌، رۆبۆته‌كه‌ كێشى ده‌گاته‌ 4،5 ته‌ن، له‌سه‌ر دوو پێ ده‌ڕوات، ده‌توانێت كه‌ره‌سته‌ به‌ هه‌ردوو مه‌چه‌كى به‌ نه‌رمى هه‌ڵبگرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ چه‌ك-یش بن.

سایتى كۆمپانیاكه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌و رۆبۆته‌ سه‌ربازییه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا وا دروستكراوه‌ له‌كاتى شه‌ڕدا چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكات و به‌شدار شه‌ڕبكات.

هاوكات فلادیمیر دمیترییڤ، به‌رپرس له‌ كۆمپانیاى  كڵاشینكۆف له‌باره‌ى رۆبۆته‌ نوێیه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ "ئه‌و رۆبۆته‌ دیارترین نمونه‌یه‌ له‌ پیشانگاى (ئارمى 2018)دا پیشاندراوه‌ كه‌ 200 كۆمپانیاى به‌رگرى روسى تیایدا به‌شدارییان كردووه‌، نزیكه‌ى 26 هه‌زار پارچه‌ چه‌ك و پێداویستى سه‌ربازى تیایدا خراونه‌ته‌ڕوو".

رۆبۆته‌ نوێیه‌كه‌ى روسیا مشتومڕێكى گه‌وره‌ى له‌ ناوه‌نده‌ زانستى و یاساییه‌كاندا ورووژاندووه‌، به‌هۆى تواناكانییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قوربانییانه‌ى له‌ ئه‌نجامى ئه‌و چه‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌، بۆیه‌ ره‌خنه‌گران باس له‌ بوونى كێشه‌یه‌كى یاسایى ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ پێشێلكارى و تاوانى دژ به‌ مرۆڤایه‌تى ئه‌نجامبدرێن له‌ رێگه‌ى ئه‌و ئامێرانه‌وه‌.

به‌پێى هه‌واڵه‌كه‌ پسپۆڕه‌كانى هیچ وڵاتێكى دنیا تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ رۆبۆتێكى بكوژ په‌ره‌پێبده‌ن كه‌ ئه‌ركه‌ جه‌نگییه‌كانى خۆى به‌سه‌ربه‌خۆیى ئه‌نجامبدات، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك وڵات، وه‌ك ئیسرائیل و روسیا و كۆریاى باشور و به‌ریتانیا و ئه‌مریكا، هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و رۆبۆته‌ په‌ره‌پێبده‌ن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى دروستكردنى ئه‌م رۆبۆته‌ جیهان بخاته‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure