ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات
پاره‌كانى هاوپه‌یمانان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و پڕۆژه‌ له‌ شاره‌كاندا به‌كارده‌هێنرێن

هەواڵ / کوردستان :: 24/08/2018‌ :: 458‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لى 
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشوازى له‌ هاوكارییه‌كانى وڵاتى سعودییه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى باكورى سوریا، ده‌شڵێت "پاره‌كان بۆ كڕینى ئامێر و پڕۆژه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن".

هه‌فته‌ى رابردوو میدیاكانى رۆژئاواى كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌، وڵاتى سعودییه‌ بڕى 100 ملیۆن دۆلار له‌ چوارچێوه‌ى هاریكارییه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ده‌به‌خشێته‌ باكورى سوریا به‌ مه‌به‌ستى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى.

جیهاد عومه‌ر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات له‌ شارى ره‌ققه‌-وه‌ به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند "ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات پێشوازى له‌ هاوكارییه‌كانى وڵاتى سعودییه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى باكورى سوریا. ئه‌م هاوكارییانه‌ له‌ڕێگه‌ى كۆمیته‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شاره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ پڕۆژ-ه‌ یانیش بۆ كڕینى ئامێر  و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن".

وتیشى "تا ئێستا هاوكارییه‌كانى سعودییه‌ نه‌گه‌یشتون، به‌ڵام هه‌ركات ئه‌و هاوكارییانه‌ بگه‌ن له‌ڕێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ره‌ققه‌-وه‌  بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌و شاره‌، به‌تایبه‌تیش نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌نداوى ره‌ققه‌ و پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان به‌كارده‌هێنرێن، چونكه‌ داعش زیانێكى گه‌وره‌ى پێگه‌یاندووه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، زۆربه‌ى كات ئه‌و هاوكارییانه‌ به‌شێوه‌ى كاش ناخرێنه‌ به‌رده‌ستى كۆمیته‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شاره‌كان، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ى كۆمیته‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان دروستكراوه‌ پاره‌كه‌ خه‌رجده‌كرێت بۆ پرۆژه‌ى تایبه‌تى و كڕینى كه‌لوپه‌لى تایبه‌تى، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات ئاگادارى ورده‌كارى سه‌رجه‌م ئه‌و خه‌رجكردنانه‌ین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure