سلێمانى: چه‌ندین گۆشتفرۆش و قه‌سابى گه‌ڕۆك له‌ جه‌ژندا سزادراون

هەواڵ / کوردستان :: 24/08/2018‌ :: 839‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
به‌هۆى ئه‌نجامدانى سه‌رپێچى له‌ رۆژانى جه‌ژندا 120 ئامێرى جۆراوجۆرى قه‌ساب و فرۆشیاره‌كانى ئاژه‌ڵ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌، لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزارییه‌كان-یش له‌ شاره‌وانى سلێمانى رایده‌گه‌ینێت "ژماره‌ى تابلۆى ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ نێردراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى  هاتووچۆ تاوه‌كو غه‌رامه‌ بكرێن".


رزگار ئه‌حمه‌د، لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند "له‌ رۆژانى جه‌ژنى قورباندا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌ت و پۆلیس و به‌شى خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌  شاره‌وانى، به‌ سێ تیمى جیاواز ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌  شوێنه‌ گشتییه‌كان ئاژه‌ڵیان فرۆشتووه‌ یان سه‌ریان بڕیوه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌،  ده‌ست به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانیاشیاندا گیراوه‌".

لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزارییه‌كان ئاشكراشیكرد، 120 ئامێرى جۆراوجۆرى فرۆشیارى ئاژه‌ڵ و قه‌ساب ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ كه‌ له‌ شوێنى گشتیدا هه‌ڵساون به‌ فرۆشتن و سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵ، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌نێوان قه‌ساب و فرۆشیاره‌كان له‌گه‌ڵ چاودێره‌كان دروست نه‌بێت ژماره‌ى تابلۆى چه‌ندین ئۆتۆمبێلمان نوسیوه‌ و ناردومانه‌ بۆ  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى سلێمانى تاوه‌كو غرامه‌ بكرێن.

ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، زۆربه‌یان له‌ ئێواراندا پاش ته‌واوبوونى ده‌وام سه‌رپێچییان كردووه‌، بڕى غه‌رامه‌كانیان له‌ 200 هه‌زار-ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ 600 هه‌زار دینار. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure