شۆشمێ: لە حەوت مانگدا نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار كاڵا هاوردەی هەرێم كراوە

هەواڵ / ئابوری :: 24/08/2018‌ :: 250‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
قایمقامی قەزای پاوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایدەكات، ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە بە كردنەوەی خاكی سنوری شۆشمێ و لەماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا بەبڕی نزیکەی 20 ملیۆن دۆلا كاڵا هەناردەی هەرێم كراوە.


پەروێز ئیدەپور، قایمقامی پاوەی سەر بەپارێزگای كرماشان بە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئێرانی وتووە، حكومەتی ناوەندی عێراق ڕەزامەندی خۆیی لە سەر كردنەوەی خاڵی سنوری شۆشمێ بە پارێزگاری هەڵەبجە ڕاگەیاندووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هاتووچۆی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق و بە پێچەوانەوەشەوە دەستپێدەكات.

ئاماژە بەوەشكردووە، ئێران سێ ساڵە ڕەزامەندی لە سەر هاتووچۆی گەشتیاران لە خاڵی سنوری شۆشمێ دەربڕیوە، بۆ ئەومەبەستەش پێداویستییە سەرەتاییەكان بۆ دەستپێكردنی چالاكی لەم سنورەوە ئامادەكراوە. 

بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای كرماشان، تەنها لەسەرەتای حەوت مانگی ئەمساڵدا بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار كاڵا و شمەك لە خاڵی سنوری شۆشمێ و هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە.

پێشتریش عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت ئەوەی بە دواڕۆژ ڕاگەیاند بوو، لای خۆمانەوە سەرجەم كاروبارەكانی تایبەت بە هاتووچۆكردنی گەشتیارانمان بە كۆتا گەیاندووە و تەنها چاوەڕێی ڕەزامەندی حكومەتی عێراق و حكومەتی ئێران دەكەین بۆ ئەو مەبەستە.
مەرزی شۆشمێ دەكەوێتە شارۆچكەی تەوێڵە و هاوسنورە لەگەڵ قەزای پاوەی سەر بەپارێزگای كرماشان، لە ئێستادا تەنها كاری بازرگانی تیادا ئەنجام دەدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure