کوردێکی باشوری کوردستان لە فرەنسا گیان لە دەستدەدات

هەواڵ / کوردستان :: 24/08/2018‌ :: 16383‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
هاوڵاتیەکی خەڵکی قەڵادزێ لە یەکێک لە زیندانەکانی وڵاتی فرەنسا لە ڕووداوێکی نادیاردا گیان لە دەستدەدات و بە وتەی کەسوکارەکەشی تا ئێستا تەرمەکەی ونە.


ئیسماعیل محەمەد برای دانا، ئەوکەسەی لە فرەنسا گیانی لەدەستداوە، بە دواڕۆژی راگەیاند، دانای برایان نیشتەجێی وڵاتانی بریتانیا بووە و ڕەگەز نامەی ئەو وڵاتەی هەبووە، بەڵام لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەمەستی پەڕاندنەوەی بە قاچاغی پەنابەران لە فرەنساوە بۆ بریتانیا  ماوەی 10 مانگە چوبووە وڵاتی فرەنسا.

وتیشی "لەگەڵ چوونی بۆ وڵاتی فرەنسا لە ماوەی 10مانگی ڕابردوو ئەوان نەیانتوانیوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەنجام بدەن چونکە ژمارە مۆبایلەکەی داخرا بوو، دواتر لە ڕێگەی چەند کەسێکی ناسراوی خۆیان سۆراغیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دانا لە بەندینخانەیەکی وڵاتی فرەنسا کوژراوە".


باسی لەوەشکرد، تا ئێستاش تەرمی دانا نادیارە، بەڵام ئەوان ئەمڕۆ لە قەڵادزێ پرسەیان بۆ داناوە و جگەلەوەش پۆلیسی بریتانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە ڕووداوەکە.

ئیسماعیلی برای دانا ڕاشیگەیاند، دانا تەمەنی 38 ساڵ بوو لە وڵاتی بەریتانیا لە لای خزمێکی خۆیان لە شوشتنگەی ئۆتۆمبێل کاری دەکرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure