سەرۆك وەزیرانی نوێی پاكستان: لە خانوویەكی سێ‌ ژووریدا دەمێنمەوە

هەواڵ / جیهان :: 24/08/2018‌ :: 266‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
لە یەكەم لێدوانیدا بۆ گەلی وڵاتەكەی دوای ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی پاكستانی وەرگرت، عەمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان بەڵێنیدا چەند بڕیارێك دەربكات بۆ كەمكردنەوە و سنوورداركردنی قەرزەكانی سەر وڵاتەكەی و تێپەڕاندنی باری قورسی ئابوری و دارایی پاكستان.

 
عەمران خان وتی "لە خانوویەكی ئاسایی سێ‌ ژووریدا دەمێنمەوە و تەنیا دوو كارگوزاریش دەهێڵمەوە لە كۆی ئەو 524 خزمەتكارەی كە ئێستا لە كۆشكە قەشەنگ و زەبەلاحەكەی سەرۆكایەتی وەزیراندان. هەروەها تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانەیش دەفرۆشم كە زرێپۆشی گولـلەنەبڕن".

سەرۆك وەزیرانی نوێی پاكستان وتیشی "دەمەوێت وەك گەلی وڵاتەكەم ژیانێكی ئاساییم هەبێت و پێكەوە سنوورێك دابنێن بۆ ئەو هەژاری و نەدارییەی كە وڵاتی گرتووەتەوە، ئەمەیش بە كەمكردنەوەی خەرجیە بێسوودەكان و بەوە دەبێت گەلی پاكستان پشت بەخۆی ببەستێت نەك بەو قەرزە دەرەكییانەی كە لەسەری كەڵەكە بووە و بوونەتە بار بەسەر گەل و حكومەتیشەوە".

لەو چوارچێوەیەدا عەمران خان داوای لە وەبەرهێنەرە پاكستانیەكانی دەرەوەی وڵاتەكەی كرد بگەڕێنەوە بۆ خزمەتی گەلەكەیان و داوای لە دەوڵەمەندەكانیش كرد ئەو باج و رسوماتانە بدەنەوە بە حكومەت كە لەسەریان كۆبووەتەوە.

عومران ئەحمەدخان نیازی (65)ساڵ، یاریزانی پێشووی كریكیكت، لە هەڵبژاردنەكەی مانگی رابردووی پاكستاندا پۆستی سەرۆكایەتی وڵاتەكەیی بردەوە و رۆژی شەممەی رابردوویش سوێندی یاسایی خوارد.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure