یه‌كێتى ئه‌وروپا 18 ملیۆن یورۆ بۆ یارمه‌تیدانى ئێران ته‌رخان ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 24/08/2018‌ :: 695‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ
یه‌كێتى ئه‌وروپا ره‌زامه‌ندیى ده‌ربڕى له‌سه‌ر ته‌رخانكردنى بڕى 18 ملیۆن یۆرۆ بۆ یارمه‌تیدانى ئێران وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌كى ئه‌و زیانانه‌ى كه‌ به‌هۆى سزاكانى ئه‌مریكا-وه‌ به‌ر ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌وێت.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، فیدیریكا مۆغرینى، كۆمیسیارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا، پابه‌ندبوونى رێكخراوه‌كه‌ى به‌ هێشتنه‌وه‌ و پێشخستنى په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ تاران دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "هێشتنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیه‌كانى ئه‌وروپا و ئێران به‌تایبه‌ت له‌ بوارى ئابوریدا، هاوڵاتیانى ئه‌وروپا-یش لێى سوودمه‌ند ده‌بن، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان زیاتر بكه‌ین".

پێشبینى ده‌كرێت 8 ملیۆن یۆرۆ، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ یارمه‌تیدانى تاران ته‌رخانى ده‌كات، له‌ بواره‌كانى كه‌رتى تایبه‌ت و بوژانه‌وه‌ى بازرگانیدا خه‌رج بكرێت و هه‌مان بڕیش بخرێته‌ خزمه‌تى پرۆژه‌كانى ژینگه‌وه‌، دوو ملیۆن یۆرۆكه‌ى تریش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌كانى به‌كارهێنانى ماده‌ سڕكه‌ر و هۆشبه‌ره‌كانن له‌ ئێراندا بەکاربهێنرێت.

 

ئه‌و 18 ملیۆن یۆرۆیه‌، به‌شێكه‌ له‌ بڕى 50 ملیۆن یۆرۆ كه‌ له‌ بودجه‌ى یه‌كێتى ئه‌ورپادا ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئێران و بڕیاره‌ به‌ چه‌ند بڕى جیاجیا بدرێته‌ تاران. كۆى پرۆسه‌كه‌یش ده‌چێته‌ خانه‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئێران به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانه‌ى كه‌ به‌هۆى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ و سه‌پاندنى سزاكانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر تاران-دا، كه‌وتوونه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە