ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سۆران جمه‌یان دێت له‌ گه‌شتیار

هەواڵ / ئابوری :: 24/08/2018‌ :: 937‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنوری هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران جمه‌یان دێت له‌ گه‌شتیار و هه‌موو شوێنه‌كانی ناوچه‌كه‌ پڕبوونه‌ له‌ گه‌شتیار، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆرانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، له‌ ڕێگه‌ی نزیكه‌ی 100 كۆمپانیاوه‌ گه‌شتیار هێنراونه‌ته‌ سنوره‌كه‌. 

بارزان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سۆران كه‌ سنوری قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، ڕواندزو مێرگه‌سۆر ده‌گرێته‌وه‌ به‌دواڕۆژی وت "پێنج شه‌ممه‌ ڕۆژی سێیه‌می جه‌ژنه، هه‌زاران گه‌شتیار له‌ ناوخۆی هه‌رێم، ئێران، باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق ڕویانكردۆته‌ هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێستا سه‌رجه‌م هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌ سنوری هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران جمه‌یان دێت له‌گه‌شتیارو جموجۆڵێكی گه‌وره‌و به‌رفراوانی گه‌شتیاری له‌ سنوره‌كه‌ به‌دیده‌كرێت و گه‌شتیاران له‌ هه‌ندێك جێگه‌ ڕیزیان به‌ستوه‌و قه‌ڕه‌باڵغیه‌كی به‌رچاو هه‌یه‌. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌ ڕێگه‌ی نزیكه‌ی 100 كۆمپانیایی گه‌شتیاری عێراقیه‌وه‌ گه‌شتیار به‌ شێوه‌ی تاك و گروپ هێنراونه‌ته‌ سۆران، ئه‌مه‌ وێڕایی ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی خۆیان هاتونه‌ته‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران. 

وتیشی "هێشتا ئامارێكی وردمان ئاماده‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین تاكو ئێستا نزیكه‌ی 50 په‌نجا هه‌زار گه‌شتیار هاتبه‌نه‌ سنوره‌كه‌". 

ڕونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هاتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی گه‌شتیار ده‌بێته‌ مایه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی ئابوری تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی گه‌شتوگوزاره‌وه‌. 

ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان داده‌نرێت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ڕێژه‌ی  80% ی هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌ سنوری ده‌ڤه‌ری سۆرانن، گرنكترین و به‌ناوبانگترین هاوینه‌ هه‌واره‌كان بریتین له‌ هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ، گه‌لی عه‌لی به‌گ، كانی ماران، جوندیان، گه‌لی فه‌قییان و پڕژێ و چه‌ندین شوێنی دیكه‌ی گه‌شتیاری كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌ سنوری هه‌رچوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆراندان.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure