واژۆ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/08/2018‌ :: 276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، واژۆ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه ‌و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پڕۆژه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زاره‌كی ڕه‌تكردۆته‌وه‌.


ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستیانكردووه‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان.


به‌پێی زانیارییه‌كان تاوه‌كو ئێستا هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراستی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوونی پڕۆژه‌یاسایه‌كی له‌م شێوەیە‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه‌و هیچ ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش ئاماده‌یی واژۆ كردن نه‌بووه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌.


دواڕۆژ زانیویه‌تی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماده‌كراوه‌و تاوه‌كو ئێستاش 18 ئه‌ندامی په‌رله‌مان واژۆیان له‌سه‌ر كردووه ‌و هه‌فته‌ی داهاتووش ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن.
هه‌ربه‌پێی زانیارییه‌كان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌ڕله‌مانی ڕاگه‌یاندووه‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان نییه ‌و پڕۆژه‌كه‌ به‌ ئه‌نجام ناگات.
لای خۆیه‌وه‌ عەبدولڕەحمان ڕه‌زا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان بۆ دواڕۆژ بێ‌ ئاگایی خۆی له‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ ده‌ربڕی و ئاماده‌یی گۆڕانی بۆ هه‌ڵبژاردن ڕاگه‌یاند.


ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "چه‌ند ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان و فراكسیۆنێك هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن، به‌ڵام  ته‌مه‌نی په‌رله‌مان له‌ مانگی یازده‌ كۆتایی دێت، بۆیه‌ ناكرێت جارێكی دیكه‌ ته‌مه‌نی درێژ بكرێته‌وه"‌.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ده‌بێ به‌ پڕۆژه‌یاسا بێت و له‌سه‌ر داوای زیاتر له‌ 10 ئه‌ندامی په‌رله‌مان بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارو خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆبكرێت، پاشان ڕاپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ كات نییه‌.


وتیشی "وه‌كو فراكسیۆنی پارتی له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنن نین و ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure