هاوپه‌یمانی سه‌در: له‌ كورد و سوننه‌ نزیكین و گه‌وره‌ترین كوتله‌ راده‌گه‌یه‌نین

هەواڵ / عێراق :: 21/08/2018‌ :: 1907‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
هاوپه‌یمانی سائیرون، به‌سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت "سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیی، نزیكه‌" ده‌شڵێت "مالیكی و عامری گه‌وره‌ترین كوتله‌یان پێكنه‌هێناوه‌". 


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئاب، ئه‌یمه‌ن شممه‌ری، سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی سائیرون به‌ "به‌غداد ئه‌لیه‌وم"ی راگه‌یاندووه‌ "ده‌نگۆی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا راست نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكه‌ له‌ شه‌ڕی راگه‌یاندنه‌كان، تاوه‌كو ئه‌م ساته‌ هێزه‌ كوردی و سونییه‌كان چوونه‌ پاڵ هاوپه‌یمانییه‌كانیان یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌". 

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی سائیرون جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردی و سونییه‌كاندا له‌ دانوستاندایه‌ و ده‌شڵێت "گفتوگۆكان ئه‌رێنین". 

شممه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كورد و سوننه‌كان نزیكن له‌ سائیرون و هاوڕان له‌گه‌ڵیان له‌ زۆرێك له‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كان. 

ناوبراو ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو "دوا یه‌كگرتنی هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌كانی سائیرون، حیكمه‌، نه‌سر و وه‌ته‌نییه‌، مانای ئه‌وه‌یه‌ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مانه‌ و ئه‌مان حكومه‌ت پێكده‌هێنن، دوای جه‌ژنیش گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی راده‌گه‌یه‌نیرێت، له‌ ئێستاشدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ هاتنیان بۆ ریزی ئه‌م كوتله‌ گه‌وره‌یه‌". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure